بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

لافاو لە ئەنقەرە دروست بوو؛ هۆشداریش دراوەتە 14 پارێزگا

لافاو لە ئەنقەرە دروست بوو؛ هۆشداریش دراوەتە 14 پارێزگا
گشتی
بەهۆی رووچوونی زەوی لە ئەنقەرە، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کەوتنە نێو چاڵێکەوە (وێنە: AA)
بەهۆی رووچوونی زەوی لە ئەنقەرە، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کەوتنە نێو چاڵێکەوە (وێنە: AA)
تورکیا بارانی بەخوڕ لافاو

شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و رەشەبا بەشێکی زۆری تورکیای گرتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە چەند شارێک دروست بوو، هاوکات دەستەی کەشناسیی ئەو وڵاتە هۆشداریی دایە 14 پارێزگا.

شەوی رابردوو (سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026)، لە ئەنجامی بارانی بەخوڕ لە ناوچەی کەچیئۆرێنی ئەنقەرە، زەوی لە شەقامی گوڵگوون داڕما و چاڵێکی گەورە دروست بوو. 

بەهۆی ئەمەوە، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کە لەو ناوچەیە وەستابوون، کەوتنە نێو چاڵەکەوە و زیانی زۆریان بەرکەوت. دەستبەجێ تیمەکانی شارەوانی و بەرگریی شارستانی لە ناوچە جیاوازەکان گەیشتوونەتە شوێنیەکان و کاری بەهاناوەچوون و دەرهێنانی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانیان دەست پێکردووە. 

لە لایەکی دیکەوە لە شارۆچکەکانی ئایانجک، تورکەلی و گەرزێی سەر بە پارێزگای سینۆپ، ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بووە و چەندین ئۆتۆمبێل بەهۆی لافاوەوە کەوتوونەتە ژێر ئاو.

هاوکات دەستەی کەشناسیی تورکیا و ناوەندی هەماهەنگیی کارەساتەکان، بۆ 14 پارێزگا کۆدی زەردیان راگەیاندووە، لە نێویاندا ئیستانبوڵ، دوزجە، بارتن و زۆنگولداغ هەن. ئەو ناوەندانە هۆشدارییان داوە لە ئەگەری بارینی بارانی بەخوڕ، دروستبوونی لافاو و داڕمانی زیاتری رێگەوبانەکان لەو ناوچانە، بۆیە داوا لە خەڵک دەکرێت وشیار بن.

تورکیا بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی دەریای رەش و باکووری وڵاتەکە، ساڵانە رووبەڕووی شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و دروستبوونی لافاو دەبێتەوە. شارەکانی وەک سینۆپ، بارتن و کاستامۆنو لە ساڵانی رابردوودا کارەساتی گەورەی لافاویان بەخۆیەوە بینیوە و بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەست داوە و زیانی ملیاران دۆلار بەر ژێرخانی ئەو ناوچانە کەوتووە.

شارەزایانی ژینگە و کەشناسی ئاماژە بەوە دەدەن، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر توندبوونی ئەم دیاردە سروشتییانە هەیە، بە جۆرێک لە ماوەیەکی کورتدا بڕێکی زۆر ئاو دەبارێت و سیستمی ئاوەڕۆی شارەکان بەرگەی ناگرن. 

 
عەبدولسەلام توتنچی ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان