بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

جموجووڵی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بۆ ئاستێکی پێوانەیی دادەبەزێت

جموجووڵی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بۆ ئاستێکی پێوانەیی دادەبەزێت
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بەگوێرەی داتاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان، جووڵەی گواستنەوەی کاڵا و کەرەستە سەرەتاییەکان لە گەرووی هورمز دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکردووە و بۆتە ژێر تێکڕای ئاسایی، هاوکات جووڵەی گواستنەوە لە گەرووی بابولمەندەب لە ئاستی تێکڕای ئاسایی خۆیدا ماوەتەوە.

کۆمپانیای کەپڵەر بۆ بەدواداچوونی کەشتییەکان رایگەیاند، سێشەممە تەنیا 3 کەشتیی هەڵگری کاڵا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبوون. ئەم ژمارەیە لە چاو 4 کەشتیی رۆژی پێشوو و تێکڕای 15 کەشتیی 10 رۆژی رابردوو، دابەزینێکی بەرچاو نیشاندەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت ئەم ئامارانە گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، چونکە هەندێک جار کەشتییەکان لە کاتی تێپەڕبووندا ئامێرەکانی پەیوەندی و ناردنی زانیاری دەکوژێننەوە.

داتاکانی کەپڵەر و کۆمەڵەی بۆرسەکانی لەندەن بڵاویانکردەوە، کەشتیی گواستنەوەی گازی شل دوای ئەوەی 19ـی ئەیلوول لە دەرەوەی دەروازە ئاوییەکە بینرابوو، دوێنێ سێشەممە جارێکی دیکە لەناو گەرووەکەدا دەرکەوتووەتەوە. پێش دەستپێکردنی ئەم قەیرانە، گەرووی هورمز رێڕەوی گواستنەوەی 20%ـی نەوت و گازی جیهانی بووە.

ئەم دابەزینەی هورمز هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سێشەممە، کە هەڕەشەی کرد لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئێران لەناودەبات. هاوکات ترەمپ روونیکردەوە، لە سایەی جووڵە دیپلۆماسییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رەنگە رێککەوتنێک لە ئارادابێت.

لە بەرامبەردا، ئێران مەرجەکانی خۆی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی، پێدانی خێرای سەرجەم سەروەت و سامانی بەستراو، و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکانی بەرگریدا"مەرجەکانیانن.

لە لایەکی دیکەوە، دۆخی گەرووی بابولمەندەب جیاوازە. دوێنێ سێشەممە 22 کەشتیی باری کاڵا سەرەتاییەکان بەو گەرووەدا تێپەڕبوون، کە خاڵێکی ستراتیژی و تەنگەبەرە لە باشووری رۆژئاوای یەمەن و رێڕەوێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی نەوت لەنێوان دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

داتاکان دەریانخستووە 14 کەشتی بەرەو دەریای سوور و 8 کەشتیش بەرەو کەنداوی عەدەن تێپەڕبوون، کە جۆری جیاوازی کەشتییەکان وەک پاناماکس، سوپراکس، ئەفراکس، سۆیزماکس و ناقلەی گەورەی نەوتی خامیان لەخۆگرتووە. ئەم ژمارەیە نزیکە لە تێکڕای نزیکەی 26 کەشتی کە لە 10 رۆژی رابردوودا بەو گەرووەدا هاتوچۆیان کردووە.

 
لاڤین عومەر ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان