ئاژانسی هەواڵگریی شیبا کە "ئاژانسێکی هەواڵگریی تایبەتە بە ئاسایش و پرسەکانی دەریای سوور، بابولمەندەب، یەمەن و ئەفریقا"وردەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی و سەربازیی ئاشکراکرد، بەرەبەیانی هەینیی رابردوو لە سەنعای ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان ئەنجامدرا. ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکە تێکشکاندنی تۆڕێکی نهێنیی پەیوەندییەکان بوو، کە بە سیستمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی ئەو گرووپەوە بەستراوەتەوە.
سەرچاوەکانی ئاژانسەکە رایانگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بە مەبەستی رێگریکردن لە هێرشێکی گەورە بووە، کە سوپای پاسدارانی ئێران پلانی بۆ دانابوو لە یەمەنەوە دژی سعوودیە ئەنجامی بدات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئۆپەراسیۆنەکە ناوی "لە دڵی دوژمن"ی لێنراوە و تێیدا جوڵەی ئاسمانی و زەمینی تێکەڵ کراوە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا درۆن بۆ دیاریکردن و بەدواداچوونی گرێیەکانی تۆڕێکی پەیوەندیی فایبەر ئۆپتیک بەکارهێنراوە، هاوکات تیمێکی زەمینی ژوورێکی سەرەکیی پەیوەندییەکانی سەر بەو تۆڕەیان لەناو سەنعا کردە ئامانج.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسەکەیان راگەیاند، پەلامارەکە بووە هۆی کوژرانی چوار شارەزای ئێرانی کە پەیوەندییان بەو تۆڕەوە هەبووە. ئاژانسەکە ئەوەشی روونیکردەوە کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەند کەسایەتییەکی باڵای حووسی لەناو دەزگای پەیوەندییەکان بوون، بەڵام نەیتوانیوە پشتڕاستی بکاتەوە کە هیچ کام لە سەرکردە حووسییەکان کوژراون یان نا.
راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، ئەو تۆڕە پەیوەندییەی کراوەتە ئامانج گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە، چونکە بە پێکهاتەی سەربازیی حووسییەکان و سیستمی فەرماندەیی و هەماهەنگیی ئەوانەوە بەستراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی شێبا، محەممەد حوسێن حووسی، برای عەبدولمەلیک حووسی، سەرپەرشتیی دۆسیەی پەیوەندییە سەربازییەکان دەکات، ئەمەش لەپاڵ دەزگایەکی ناوخۆیی کە بە پەیوەندییە جیهادییەکان ناسراوە و بەرپرسە لە پەیوەندییە هەستیارەکانی ناو گرووپەکە.
شێبا ئۆپەراسیۆنەکەی بە جوڵەکانی ئێرانەوە گرێداوە و رایگەیاند، سوپای پاسداران راستەوخۆ بەشداریی لە پلاندانان و ئامادەکاری بۆ هێرشێکی گەورە دژی سعوودیە کردووە. ئاژانسەکە پێیوایە، کردنی تۆڕی پەیوەندییەکان بە ئامانج بەشێک بووە لە هەوڵێک بۆ پەکخستنی سیستمی فەرماندەیی و هەماهەنگیی حووسییەکان.
لە بەرامبەردا، ئاژانسەکە لە بڵاوکردنەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئەو ئامانجانەی هێرشەکە پێشبینی دەکرا لە ناو سعوودیەدا بیکاتە ئامانج، یان ئەو جۆرە توانایانەی بۆ ئەنجامدانی ئامادە کرابوون، خۆی بوارد.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئۆپەراسیۆنەکە هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەمجاری درۆنی SKYWASP "گورزی ئاسمان"لە ئاسمانی سەنعا. شێبا رایگەیاند، فڕۆکەکان لە دەوروبەری پایتەخت هێرشیان ئەنجامدا و پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، کۆگاکانی چەک و دامەزراوەکانی تایبەت بە مووشەک ودرۆنیان کردە ئامانج، بەتایبەت لە دەوروبەری چیاکانی عەیبان و نەقم.
شێبا لە راپۆرتێکی پێشوودا ئاماژەی بەوە کردبوو، هێزە حکوومییەکانی یەمەن فڕۆکەی مەودا دووری SKYWASPـیان لە هێرشەکانی دەوروبەری سەنعا بەکارهێناوە. ئەوکات راپۆرتەکە روونیکردبووەوە کە مەودای فڕۆکەکە دەگاتە نزیکەی 1,500 کیلۆمەتر، لەگەڵ ئەوەی جەختی کردەوە کە قەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشانە بە سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لە ئاماژەیەک بۆ فراوانبوونی بازنەی ئامانجگرتنی سیستمی پەیوەندیی حووسییەکان، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە هەمان ماوەدا دامەزراوەکانی پەیوەندی لە تەعز، لەوانەش پێگەکانی زیکرە، حووبان و راهیدە، تووشی هێرش بوون. ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ هەواڵی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر تۆڕەکانی پەیوەندیی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان، کە بووە هۆی تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت.
ئەو زانیارییانەی شێبا بڵاوی کردوونەتەوە، وێنەی ئۆپەراسیۆنێکی فرە رەهەند نیشان دەدەن کە هێرشی ئاسمانی، چالاکیی زەمینی و هێرشی ئەلیکترۆنیی کۆ کردووەتەوە، بە ئامانجی گوشارخستنە سەر سیستمی پەیوەندی و فەرماندەییی حووسییەکان، لەو کاتەی ئاژانسەکە باس لە ئامادەکاریی هێرشێکی ئەگەریی ئێران بۆ سەر سعوودیە دەکات.




