بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

شەرع بۆ: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی هەیە

شەرع بۆ: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی هەیە
سیاسی
سووریا

سەرۆکی سووریا لە نیویۆرک جەخت لەسەر پەیوەندیی بەهێزی دیمەشق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە دوای 100 ساڵ مافەکانی کورد چەسپێنراون؛ شەرع ئاماژە بە گفتوگۆکانی لەگەڵ هەولێر دەکات بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریادا، هاوکات ڕایدەگەیەنێت سووریا بەرەو چەککردنی تەواوەتی و نەمانی هێزی سەربازیی بیانی هەنگاو دە نێت و کێشەی سەرەکیی ناوچەکەش لە سیاسەتە شەڕەنگێزەکانی ئیسرائیلدایە.

چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، لە میانی پانێڵێکی تایبەتی پەیمانگەی "ئەنجوومەنی ئەتڵەسی"لە نیویۆرک کە برێت مەکگۆرک بەڕێوەی برد، ئەحمەد شەرع لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری لە ئەمریکا، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و هەولێر و رایگەیاند: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە بواری ئابووری و ئەمنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵیاندا زۆر باشە. هەروەها پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.

سەرۆککۆماری سووریا باسی لە مێژووی ئەم پەیوەندییانە کرد و گوتی: ئەم پەیوەندییە هەر لە سەرەتاوە دروستمان کردووە و بۆ داهاتووش بەردەوام دەبێت و پێشی دەخەین.

سەبارەت بە هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی سووریا، ئەحمەد شەرع گوتی: ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان هەبووە سەبارەت بەو کێشانەی پەیوەست بوون بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چۆنیەتیی یەکخستنەوەی ئەو هێزانە لەگەڵ سوپای سووریادا.

ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە کە ئامانجی هەنگاوەکانیان خزمەتکردنە بە ئاشتی و سەقامگیری و ئێمە هەموو کارێک لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی سەرجەم خەڵکی سووریادا دەکەین.

ئەحمەد شەرع، لە بارەی دۆسیەی کورد لە سووریا و رێککەوتن لەگەڵ لایەنە کوردییەکان گوتی: پێش پرۆسەی تێکەڵبوونەوە مەرسوومێکی فەرمیمان دەرکرد بۆ داننان بە مافە زمانی و کولتوورییەکانی کورد؛ چونکە ئەمە ئەرکە لەسەرمان و مافێکی سەرەتاییە. دوای 100 ساڵ گەلی کورد بە سوپاسەوە بۆ ئارامگری و خۆڕاگرییان مافەکانیان بەدەستهێنا، و رێککەوتین کە لە ناوچەکانی کوردنشین پرۆسەی خوێندن بە زمانی کوردی بێت.

سەرۆکی سووریا ئاشکرای کرد کە بەڕێوەبردنی وڵات لەگەڵ کورد یەکدەخرێتەوە و رێگە بە هیچ جیاکارییەک لە نێوان پێکهاتەکاندا نادرێت، چونکە بە گوتەی ئەو: خەڵکی سووریا بەهۆی رژێمی پێشووەوە زۆر ئازاریان چەشت و رووبەڕووی ستەم بوونەوە، ئێستاش کار لەسەر داڕشتنەوەی چەندین یاسای بنەڕەتی و بنیاتنانەوەی هەموو سێکتەرەکان دەکەین.

لە تەوەرێکی دیکەی پانێڵەکەدا، شەرع سەرنجی خستە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و دۆسیەی بەرزاییەکانی جۆلان و ڕایگەیاند: جۆلان خاکی سووریایە و بە دەنگی زیاتر لە 137 دەوڵەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدانراوە؛ ئەگەر رێکخستنە ئەمنییەکان سەرکەوتوو بن، دەتوانین باسی ئاشتییەکی بەردەوام بکەین.

شەرع ئاشکرای کرد، چەندین گەڕی دانوستانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامداوە بە هاوکاریی دەوڵەتانی دۆست لەنێویاندا ئەمریکا و گوتی: لە دانوستانەکاندا گەیشتبووینە نزیکەی 90%ی رێککەوتن، بەڵام دواتر ئیسرائیل بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کشایەوە. هێرش و داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بەردەوامن، بەڵام ئێمە رێگەی دیپلۆماسیمان هەڵبژاردووە و بە مەرجی ڕاگرتنی داگیرکارییەکان، ئامادەی دەستپێکردنەوەی دانوستانین لەگەڵ ئیسرائیل.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ناوخۆی سووریا، ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە کە حکوومەتەکەی لە هەوڵی ئەوەدایە سەرجەم چەکەکان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا کۆبکاتەوە و رایگەیاند: ئێمە لە سووریا خەریکی کۆکردنەوەی چەکین لە دەستی دەوڵەتدا و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بوونی هێزی بیانی لەسەر خاکی سووریا نادەین.

سەرۆکی سووریا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق کرد، بەتایبەت دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک، و ئاشکرای کرد کە دیمەشق و بەغدا پێکەوە لە گفتوگۆدان بۆ تاوتوێکردنی پرسی هاوردەکردن و هەناردەکردنی نەوت و پەرەپێدانی ئابووریی نێوانیان.

ئەحمەد شەرع سەرنجی خستە سەر پرسی بوونی هێزە بیانییەکان لە سووریا و رایگەیاند: لە قۆناخێکی دیاریکراودا بەشێک لە وڵاتان بەهۆی نیگەرانییان لە ئاسایشی سنوورەکانیان بەشدار بوون، چونکە ناوچەکە بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە لەنێو ئاگردا بوو، بەڵام ئێستا ئەو بنکە سەربازییانەی لە باکووری رۆژئاوای سووریا بوونیان هەیە، کەمتر و کەمتر بوونەتەوە.

سەرۆککۆماری سووریا باسی لە چارەسەری یاسایی بۆ ئەو دۆخە کرد و گوتی: ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین پێگەیەکی یاساییان بۆ دیاری بکەین؛ چونکە هەر بوونێکی سەربازیی بیانی دەبێت مەرجی یاسایی تێدابێت و لەلایەن ئەنجوومەنی گەلی سووریاوە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.

شەرع ئاشکرای کرد کە سووریا بەرەو قۆناخی نەمانی هێزی بیانی هەنگاو دەنێت و گوتی: پێموایە دەوڵەتی سووریا زۆر بەم زووانە هیچ پێویستییەکی بە مانەوەی هێزی سەربازیی بیانی نامێنێت، دەتوانین لە رێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و رێزگرتنی دوولایەنە لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و دۆستانی سووریا، پارێزگاری لە ئاسایشی وڵاتەکەمان بکەین.

ئەحمەد شەرع باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: پەیوەندییەکی زۆر تایبەتم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەیە و هەڵوێستێکی مێژوویی نواند کاتێک سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت؛ بەڵام جارێکیان لە کۆشکی سپی سەردانم کرد و کاتێک باسی لە داننان بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا کرد، بە گاڵتەوە پێم گوت: بۆچی نیوجێرزی نابەخشیت بە ئیسرائیلییەکان؟ تۆ خاوەنی جۆلان نیت تا بیبەخشیت، بەڵام نیوجێرزی هی خۆتانە و پڕیشە لە دیموکراتەکان کە دەنگت پێنادەن، بۆیە زۆر باش دەبێت ئەگەر بیبەخشیت بە ئیسرائیل.

سەرۆکی سووریا دووپاتیکردەوە کە جۆلان خاکی خەڵکەکەیەتی و نە سەرۆکی سووریا و نە سەرۆکی ئەمریکا و نە هیچ کەسێکی دیکە ناتوانن دەستبەرداری ببن.

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە مەترسییەکانی کۆمەڵگەی ئیسرائیل دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، ئەحمەد شەرع رایگەیاند: من لەوە تێدەگەم کە لە ٧ی ئۆکتۆبەردا چی بەسەر بەشێک لە خەڵکی بێتاواندا هات، بەڵام ناگونجێت تەواوی سیاسەتەکان تەنیا لەسەر بنەمای یەکی مێژوویی دابڕێژرێن؛ چونکە لە هەمان کاتدا دەبێت لەوەش تێبگەین کە چی لە غەززە روویداوە، لەوێ زیاتر لە 70 هەزار کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

شەرع جەختی کردەوە: لۆژیکی نییە ئیسرائیەکانی 7ی ئۆکتۆبەر بکاتە بنەمای داڕشتنی سیاسەتەکەی بەرامبەر سووریا؛ ئەگەر دەتەوێت ئاسایشی خۆت بپارێزیت، دەبێت رێز لە ئاسایشی خەڵکی دیکەش بگریت. پێویستە ئیسرائیل سیاسەتەکانی بگۆڕێت چونکە بە دروستکردنی کێشە لە دەوروبەری، ئاسایشی بۆ ناستەوێت.

سەرۆککۆماری سووریا پەردەی لەسەر قەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی هەڵدایەوە و گوتی: ئیسرائیل ماوەی دوو ساڵە رۆژانە بۆردوومانمان دەکات و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی ئەنجام دەدات؛ تەنانەت سوپای ئیسرائیل دوو جار کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریای بۆردومان کردووە و فڕۆکەخانە مەدەنی و سەربازییەکانمانی کردووەتە ئامانج. ئایا ئەم پەلامارانە دەبنە مایەی هێنانی ئاسایش بۆ هاووڵاتییانی ئیسرائیل؟».

ئەحمەد شەرع جەختی لەوە کردەوە کە سووریا کێشەی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە و گوتی: پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، وڵاتانی کەنداو، عێراق و لوبنان لەوپەڕی سەرکەوتووییدان، بۆیە کێشەکە لە سووریا نییە، بەڵکو لە ئیسرائیلە.

 
 
 
 
 
 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان