سەرۆککۆماری فەرەنسا لە گوتارێکیدا لە بەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییدا لە گەڕانەوەی جیهان بۆ سەردەمی "یاسای دارستان"و بێدەنگبوون بەرامبەر پێشێلکارییەکان. ماکرۆن دۆخی غەززە و کەرتی رۆژئاوای بە شەرمەزاری وەسف کرد، داوای پاراستنی سەروەریی لوبنان و فەڵەستینییەکانی کرد، و جەختی کردەوە کە نابێت گەرووی هورمز بۆ باجگیری بەکاربهێنرێت، هاوکات پێشنیازی راگرتنی هێرشەکانی سەر ژێرخانی وزەی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا خستەڕوو.
سێشەممە 22ی ئەیلوولی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە گوتارەکەیدا سەرنجی خستە سەر پێشێلکارییەکانی رۆژانە لە کەرتی رۆژئاوا و رایگەیاند: حەماس هەرگیز لە کەرتی رۆژئاوا چالاک نەبووە؛ لە بەرامبەردا پێویستە رێز لە مافی رەوای گەلی فەڵەستین بۆ ژیان و مانەوە بگیرێت، کە ئەوەش مەرجێکی سەرەکییە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل.
سەبارەت بە غەززەش، سەرۆکی فەرەنسا رەخنەی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و گوتی: هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە ئاشتی هاتووەتەدی، کەچی هێشتا دەرگای هاوکارییە مرۆییەکان بە تەواوی نەکراوەتەوە؛ ئەم دیمەنەی دەیبینین مایەی شەرمەزارییە. متمانەی ئێمە چ بەهایەکی دەمێنێت ئەگەر بەرامبەر غەززە دەستەوەستان بین؟ لە کاتێکدا ساڵی رابردوو چەندین دەوڵەت دانپێدانانی فەڵەستینیان راگەیاند بەڵام واقیعەکە هیچ نەگۆڕاوە.
دەربارەی بارودۆخی لوبنانیش، ماکرۆن جەختی لە سەروەریی ئەو وڵاتە کردەوە و رایگەیاند: تەنیا لە رێگەی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواوەتی لە لوبنان، دەتوانرێت حزبوڵڵا چەک بکرێت و ئاسایش بۆ تەواوی لوبنانییەکان و دراوسێکانیان بگێڕدرێتەوە. ناکرێت چاوپۆشی لە پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافەکانی گەلی لوبنان و فەڵەستین بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆککۆماری فەرەنسا ئاماژەی بە هاتوچۆی دەریایی کرد و رایگەیاند هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی فرەنەتەوەیی کار بۆ گێڕانەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا دەکات و جەختی کردەوە: نابێت گەرووی هورمز وەک ئامرازی باجگیری و هەڕەشە بەکاربهێنرێت؛ دەبێت هاتوچۆی کەشتییەکان و بەرژەوەندیی وزەی سەرجەم وڵاتان پارێزراو بێت و کردنەوەی تەواوەتیی گەرووەکە لەپێشینەی کارەکانمانە.
ماکرۆن هەروەها پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ دادگای دادپەروەریی نێودەوڵەتی (ICJ) دووپاتکردەوە و هۆشدارییدا لەوەی نابێت رێگە بدرێت سیستەمێک دابمەزرێت کە تاوانباران لە سزا دەرباز بکات.
پەیوەست بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، ماکرۆن داوای کرد بە زووترین کات دانوستانی بەسوود دەستپێبکات و گوتی: بەهۆی هاتنی وەرزی زستانەوە دەبێت هاوکاریی زیاتری ئۆکراینا لە کەرتی وزە و دژەمووشەکدا بکرێت.
سەرۆککۆماری فەرەنسا سەرنجی خستە سەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆشداریی دایە سەرکردەکانی تەلئەڤیڤ و گوتی: هەموو ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە ئاسایشی ئیسرائیل پێویستی بە پێشێلکردنی سەروەریی تەواوی دەوڵەتانی دراوسێیەتی، تووشی هەڵەیەکی زۆر چارەنووسساز و کوشندە بوون؛ ئەوان بەم هەنگاوانەیان، لە ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا ئاسایشی خودی ئیسرائیل لاواز دەکەن و دەیکەنە نێو بازنەی مەترسییەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەیدا لە نیویۆرک، ماکرۆن رەتیکردەوە ئەوروپا و جیهان تەسلیمی ئیرادەی واشنتن و بەیژینگ ببن لە کەرتی تەکنۆلۆجیادا و رایگەیاند: ئێمە لە دۆسیەی ژیریی دەستکرددا ملکەچ نابین. هەندێک لایەن دەیانەوێت بڕوا بە جیهان بهێنن کە گوایە تەنیا دوو زلهێزئەمریکا و چینیان تەنیا چەند کارەکتەرێکی دیاریکراوی ئابووری و بازرگانی بڕیار لەسەر داهاتووی ژیریی دەستکرد دەدەن و دیاری دەکەن لە چ جۆرە کۆمەڵگەیەکدا دەژین، بەڵام وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە: نەخێر بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبووڵ ناکەین.
سەرۆکی فەرەنسا هۆشدارییدا لە لێکەوتە نەرێنییەکانی پەرەسەندنی تەکنۆلۆجیا ئەگەر بێ چاودێری بمێنێتەوە و گوتی: پەرەسەندنی ئەم تەکنۆلۆجیایە بەبێ بوونی سنوور، دەکرێت ئاسایشی دەوڵەتان بخاتە مەترسییەوە و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر نەخۆشخانەکان و سیستەمی بانکەکان، بۆیە نابێت رێگە بدرێت تەنیا چەند کۆمپانیایەکی کەم بڕیار لەسەر داهاتووی ئەم داهێنانە بدەن.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی فەرەنسا پێشنیازی راگرتنی هاوکاتی هێرشەکانی خستەڕوو بۆ راگرتنی بۆردوومان و هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە و دامەزراوە مەدەنییەکان لە هەردوولا و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکی جیهانی.
ئیمانوێل ماکرۆن رەخنەی لە هەوڵە دەرەکییەکان گرت بۆ رووخاندنی رژێمەکان و سەپاندنی سیستەمی نوێ و رایگەیاند، ئەو جۆرە دەستێوەردانانە لە مێژوودا هەمیشە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی ئاژاوەی گەورەتر.
ماکرۆن پرسیارێکی ئاراستەی سەرکردەکانی جیهان کرد و گوتی: پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ ئایا دەمانەوێت لە سایەی یاسای دارستاندا بژین کە هێز ماف دیاری بکات، یان کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتیی شارستانی؟ ژیان هەر ژیانە و ئاشتی و ئاسایش بۆ هەمووان وەک یەکە، بۆیە بە هیچ جۆرێک سیاسەتی دووفاقی و پێوانەی دووانە قبووڵ ناکەین.




