بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئاسمانی عێراق بە رووی فڕۆکە ئێرانییەکاندا دادەخرێت

ئاسمانی عێراق بە رووی فڕۆکە ئێرانییەکاندا دادەخرێت
گشتی
عێراق ئاسمانی عێراق فڕۆکەی ئێرانی

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕیارێکی توندی دەرکردووە کە بەپێی ئەوە، نەک تەنیا گەشتە ئاسمانییە ئاساییەکان، بەڵکوو تەنانەت لە حاڵەتی لەناکاو و زۆر پێویستیشدا ڕێگە بە نیشتنەوەی هیچ فڕۆکەیەکی ئێرانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراقدا نادرێت. 

کەناڵی لە سەرچاوەی بەرپرس و باڵا لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە زانیاریی پشتڕاستکراوەی دەستکەوتووە، کە بەهۆی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیاکانی گەشتی ئاسمانیی ئێران، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕیاری داوە لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە رێگە بە ئەنجامدانی گەشتی هیچ فڕۆکەیەکی ئێرانی نەدات.

بە گوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی، دوو کۆمپانیای سەرەکی کە بەرپرسیارێتیی رێکخستنی گەشتە ئاسمانییەکان و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکانیان لە ئەستۆیە، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدایان ئاگادار کردووەتەوە کە ناتوانن هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەک بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان دابین بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتن و راگرتنی تەواوەتیی گەشتەکانی ئێران.

ئەم بڕیارە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی سەرتاسەری عێراق دەگرێتەوە و، لە چوارچێوەی رێکارە نوێیەکاندا بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت فڕۆکە ئێرانییەکان تەنانەت لە کاتی لەناکاو یان زۆر پێویستیشدا لە هیچ کام لە فڕۆکەخانەکانی عێراق بنیشنەوە.

ئەم هەڵوێستەی بەغدا دوای لێدوانەکانی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دێت لە کەناڵی "سی ئێن بی سی"، کە تێیدا ئاشکرای کردبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی گوشارە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر تاران، لە رۆژی 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا لە کارکردن دەخات.

بێسێنت هۆشداریی دابوو کە لە ئەگەری نیشتنەوەی هەر فڕۆکەیەکی ئێرانیدا، نابێت هیچ فڕۆکەخانەیەک سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان بۆ دابین بکات یان تکتی گەشتیان پێ بفرۆشێت، چونکە هەر لایەنێک ئەو کارە بکات دەستبەجێ لە سیستەمی دارایی دۆلاری ئەمریکی بێبەش دەکرێت و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئەم بڕیارەی عێراق تەواوکەری زنجیرەیەک هەنگاوی مەیدانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە؛ بە پێی زانیارییەکانی پێشووی فۆکس نیوز، واشنتن لە چەند رۆژی رابردوودا نێردەیەکی باڵای خۆی رەوانەی هەریەکە لە ئیمارات، تورکیا، عومان و بەریتانیا کردبوو تاوەکو رێکاری بە پەلە لە دژی هێڵە ئاسمانییەکانی تاران بگرنەبەر، کە بەهۆیەوە هەردوو حکوومەتی تورکیا و عومان بە فەرمی سەرجەم گەشتەکانی هێڵی "ماهان ئێر"یان بۆ فڕۆکەخانەکانیان راگرت و، ئێستاش بەغدا بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە یەکێک لە سەرەکیترین دەروازەکانی گەشتی ئاسمانی بە رووی فڕۆکە ئێرانییەکاندا دادەخات.

 
 
 
 
 
دیلان بارزان ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان