بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

دهۆک.. دەستی کاری ناوخۆیی 80%ـی تێپەڕاندووە

دهۆک.. دەستی کاری ناوخۆیی 80%ـی تێپەڕاندووە
گشتی
کوردستان

لە پارێزگای دهۆک، رێژەی بەشداریی دەستی کاری ناوخۆیی لە پڕۆژە و کارگەکاندا 80%ـی تێپەڕاندووە و بە شێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە؛ ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێویستە دەستی کاری ناوخۆیی لە 75% کەمتر نەبێت، هەنگاوێک کە هەزاران دەرفەتی کاری بۆ گەنجانی ناوچەکە رەخساندووە.

بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە پارێزگای دهۆک، ئاستی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2022 دەرچووە و مەرجی داناوە نابێت رێژەی دەستی کاری ناوخۆیی لە هیچ سێکتەرێکدا لە 75% کەمتر بێت، ئێستا لە دهۆک گەیشتووەتە زیاتر لە 80%.

وەلات ئوزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی چاودێری و بەدواداچوونی مەیدانی بە بەردەوامی سەردانی شوێنەکانی کار دەکەن و دەبینن کە خاوەنکاران پێشوازییەکی باشیان لە بڕیارەکە کردووە و لە زۆربەی شوێنەکان ئاستی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە سەرووی 80%ـەوەیە.

یەکێک لە نموونە بەرچاوەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک، یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی دروستکردنی دۆشەک و سەرینە لە ناوچەکە کە بووەتە سەرچاوەی بژێویی دەیان خێزان. بەرەڤان حەسەن، خاوەنی کارگەکە رایگەیاند، زیاتر لە 95%ی کرێکار و کارمەندەکانیان گەنجانی ناوچەکەن، بە تایبەت دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، و لە رێگەی کارەکەیانەوە توانراوە رێگری لە بێکاریی گەنجان بکرێت.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆی 125 هەزار کرێکاری تۆمارکراو لە پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 15 هەزار کرێکاریان بیانی، ئاوارە و پەنابەرن، کە دەکاتە نزیکەی 20%ـی کۆی دەستی کار لە سنوورەکە، لە بەرامبەردا زۆرینەی هەرە زۆری دەستی کار بۆ هاووڵاتییانی ناوخۆ مسۆگەر کراوە.

چاودێران و خاوەنکاران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی ئابووریی زۆر ئەرێنی هەبووە؛ چونکە جگە لە رەخساندنی هەلی کار بۆ هەزاران هاووڵاتی، دۆخی بژێویی خێزانەکانیشی لە سنووری پارێزگاکە بەرەو باشتر بردووە.

 
بێوار حلمی ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان