بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
سیاسی
کوردستان

بڕیارە سبەی کاتژمێر 10:00ی بەیانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت کۆببێتەوە؛ تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانیان دەبێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە.

لە کۆبوونەوەکەی سبەینێی ئەنجوومەنی وەزیراندا، پرسی یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەخرێتە بەرباس. هاوکات گفتوگۆ لەبارەی پێویستیی دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە سەربازی و لۆجستییەکانی پێشمەرگە دەکرێت لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە، بەو پێیەی هێزی پێشمەرگە بەپێی دەستوور بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق.

تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت  و شۆڕش ئیسماعیل، وەزایری پێشمەرگە، پڕۆسەی یەکخستنەوەی هیزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.

نێچیرڤان بارزانی،  لە رێوڕەسمی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی:  بەردەوامی ئەم هەوڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، کاتێک سەرۆک بارزانی پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێکرد، گوتیشی ئەمە لەکاتێکدا بوو کە هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی جەنابی سەرۆکدا ئەفسانەی داعشی تێکشکاند.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی 2014 بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، هێزەکانی پێشمەرگە چوونە کۆبانێ تا بەرگری لێ بکەن و لاپەڕەیەکی پرشنگداریان لە مێژووی بەرگرییکردن لە گەلی کوردستان تۆمار کرد. بۆیە ئەم بۆنەیە ئەو پرسەیە، کە گەلی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی دەکرد و هەموولایەکمان چەندین ساڵە لەو پێناوەدا کار دەکەین.

راشیگەیاند، ئەم پرۆسەیە تەنیا گۆڕانکاریی نییە لە پەیکەر و رێکخستندا یان تەنیا گواستنەوەی یەکەکان لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی تر نییە، بەڵکو هەنگاوێکی نیشتمانی گەورەیە لە کاروانی بونیادنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەشڵێت، ساڵانی رابردوو گوتومانە کوردستان پێویستی بەیەک هێز، یەک وەزارەت، یەک فەرماندە هەیە، دەبێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانی دوور لەدەستوەردانی ناکۆکی و حزبی بێت. ئەمڕۆش هەنگاوێکی دیکەی گەورە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەنێین.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا کە لە رێوڕەسمەکەدا پێشکەشی کرد، گوتی "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ کوردستان و بۆ پێشمەرگە. رۆژێکی زۆر تایبەتیشە بۆ خودی خۆم کە هەر لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونمان وەکوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، بەڵێنمان دا، بە هەموو توانای خۆمانەوە، کار بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین".

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا، "لە چوار ساڵی رابردوودا، لە ژێر رێنمایی و سەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە هاوکاری وپشتیوانی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، دوای چەندین کۆبوونەوە و کارکردنی چڕ و کاری بێ وەستان، توانیمان بگەینە ئەم قۆناخەی ئێستا، کە ئەمڕۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە رابگەیەنین". 

مەسرور بارزانی داوای کرد دەبێت سەرجەم ماف و مووچە و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هاوتای هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی عێراق دابین بکرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان