سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سێناتی فەرەنسا کرد و لە دیدارەکەدا جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کرایەوە.
رۆژی سێشەممە 22ی ئەیلوولی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی سێناتی فەڕەنسی كرد كە پێكهاتبوو لە بەڕێز رێمی فێرۆ سێناتۆری هەرێمی پاریس و بەڕێز ئۆلیڤیێ بلیتز سێناتۆری هەرێمی ئۆرن و سێناتۆر نیکۆل دۆرانتۆن سەرۆکی کۆمیتەی دۆستایەتیی فەرەنسا - عێراق.
لە دیدارەكەدا كە باڵیۆز ئیمانویێل مینیۆ كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، شاندی میوان پێزانینیان بۆ رۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و بنیاتنانی دامەزراوەكانی هەرێم و فەرماندەییكردنی هێزی پێشمەرگە و تێكشكاندنی داعش هەبوو.
هەروەها رۆڵی سەرۆك بارزانیان لە هەوڵدان بۆ جێگیركردنی بنەماكانی سەقامگیری و پێكەوەژیان لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە بەرز نرخاند. شاندی میوان جەختیشیان لە پەیوەندیی نێوان فەرەنسا و هەرێمی كوردستان كردەوە كە پەیوەندییەكی مێژوویی و سیاسی و كولتووری و جەماوەریی هەمەلایەنە و رەگداكوتاوە و گەل و حكوومەتی فەرەنسا هەمیشە بەچاوی رێزەوە سەیری خەبات و قوربانیدان و پەرۆشی بۆ پێكەوەژیان و دیموكراسیی گەلی كوردستان دەكەن.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە بارەی مێژوویی پەیوەندییەكانی فەرەنسا و گەلی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكان و سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و سەردەمی راپەڕین و هەوڵی فەرەنسا بۆ دەركردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایش و پاراستنی هەرێمی كوردستان و یارمەتیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستان و هاتنی سەرۆك ئۆلاند و سەرۆك ماكرۆن بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها كردنەوەی رێڕەوێك لە شاری پاریس بەناوی پێشمەرگە خستەڕوو. جەختیشی لەوە كردەوە هەموو ئەو وێستگە مێژووییانە بەڵگەنە بۆ بوونی هاوبەشی و پەیوەندییەكی پتەوی دۆستانە لەنێوان گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسا.
هەر لەو دیدارەدا رۆشنایی خرایەسەر بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نیە لەو گرژی و شەڕانەی لە ناوچەكەدا هەن و هەمیشە بەشێكە لە چارەسەر.
هەروەها پەیوەست بە دۆخی عێراق رایگەیاند كە بەردەوامین لە پاڵپشتیكردنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی جێبەجێ بكرێن و دامەزراوەكانی دەوڵەت و سەقامگیری بپارێزرێن




