ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە دیالە فێستیڤاڵی خورما بەڕێوەچوو. ئامانج لەو چالاکییە بازاڕکردن بۆ بەروبوومی جووتیاران و ئاشناکردنی کڕیاران بوو بە جۆرەکانی خورمای ناوچەکە.
سەباح عەدنان، باخەوان، بەـی راگەیاند: ئێمە لەو خێزانانەین کە بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی خورمای دیالەمان کردووەتە پیشە. خورمای بەرحیی زەرد و سورسورەکە بە درەنگ پێگەیشتن ناسراون، لەگەڵ ئەوەشدا حەوت جۆری دیکەی خورمای باخەکەم تام و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە.
کەشوهەوای گەرم و بوونی سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ خاکی بەپیت لە رابردوودا، دیالەی کردبووە ناوەندێکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی خورما کە ساڵانە هەزاران تۆن خورما رەوانەی بازاڕەکان دەکرا. ئێستا بەهۆی نەبوونی بازاڕی پێویست و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، باخەکان رووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون بوونەتەوە.
جوان خالید، ئەندازیاری کشتوکاڵ، لەم بارەیەوە گوتی: زۆربەی باخەکان وێران کراون و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواشەوە بەراورد بە رابردوو، دۆخی باخەکان لە سەرانسەری عێراق بە گشتیی دابەزیوە.
محەمەد مەندەلاوی، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، روونیکردەوە کە ئەمە یەکەمجارە لە دیالە فێستیڤاڵێکی لەو شێوەیە بۆ خورما رێک دەخرێت. مەندەلاوی پێشبینی دەکات بەرهەمی خورمای دیالە بۆ ئەمساڵ بگاتە 150 هەزار تۆن، بەتایبەت کە خواستێکی زۆر لەسەر ئەو جۆرانە لە دەرەوەی عێراق هەیە.
دیالە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و بوونی خاک و ئاوی گونجاو، لە رابردوودا بە سەبەتەی خۆراکی عێراق دەناسرا و خورما سەرەکیترین بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی پارێزگاکە بوو. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، بەشێک لە باخەکان کراونەتە زەویی نیشتەجێبوون و پڕۆژەی بازرگانی، سەرباری ئەمەش پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە 150 هەزار تۆن.




