بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

زەیدی: تا مانگی حوزەیرانی 2027 تەواوی گرووپە چەکدارەکان چەک دەکرێن

زەیدی: تا مانگی حوزەیرانی 2027 تەواوی گرووپە چەکدارەکان چەک دەکرێن
سیاسی
عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق خشتەیەکی کاتیی راگەیاند بۆ کۆنترۆڵکردنی هێزە چەکدارەکان و بەڵێنیدا کە تاوەکو 30ی حوزەیرانی ساڵی 2027، تەواوی گرووپە چەکدارەکانی چەک دەکرێن، و بیانهێنێتە ژێر ڕکێفی دەوڵەت، هاوکات ئەم هەنگاوەشی بە پرسێکی شەرەف و پێویستییەکی حەتمی ناوبرد.

دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ئەنجامیدا، بۆ یەکەمجار پلانێکی قۆناخ بەندی بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکان ئاشکرا کرد.

ئەم پلانەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ گوشارێکی توندی خستووەتە سەر بەغدا بۆ سنووردارکردنی ئەو گرووپانە، لە بەرامبەریشدا تاران هەوڵدەدات هەژموونی خۆی فراوانتر بکات و لە جەنگەکەیدا دژ بە واشنتن بەکاریان بهێنێت.

زەیدی دەربارەی پلانەکەی گوتی: "ئەم بابەتە هەڵبژاردن نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە. ئەوانەی پێش من باسیان لەمە دەکرد، دواتر پاشەکشەیان کرد؛ چونکە ملکەچی گوشار یان نیگەرانییەکانی دیکە بوون؛ بەڵام بۆ من، ئەم پرسە لەگەڵ دۆسیەی گەندەڵی، پرسی شەرەفە."

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئابووریی بەهێز بەبێ کۆنترۆڵکردنی چەک دروست نابێت و پێویستە سەرەتا چەک قەتیس بکرێت تاوەکو بتوانیت ئابوورییەکی پتەو بنیات بنێیت."

زەیدی پێشتر رایگەیاندبوو، هاوکات لەگەڵ کشانەوەی دوایین هێزەکانی ئەمریکا لە 30ی ئەیلوولدا گرووپە چەکدارەکان چەک دەکرێن؛ بەڵام ئەوان ئەو وادەیەیان رەتکردەوە؛ دواتر حکوومەتی عێراق لیژنەیەکی دانوستانکاری پێکهێنا و ئێستا زەیدی دەڵێت، لە 30ی ئەیلوولدا مەرجەکانی رێککەوتن لەسەر خشتەی کاتی رادەگەیەنن.

رۆژنامەەکە پلانێکی زەیدی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، سەرەتا ماوەیەکی 90 رۆژە دەستپێدەکات کە تێیدا گرووپەکان هیچ هێرشێک ئەنجام نادەن و دڵنیایی وەردەگرن کە هێزەکانی ئەمریکاش هێرشیان ناکەنە سەر؛ دوای ئەو 90 رۆژە، پرۆسەی رادەستکردنی چەک دەستپێدەکات؛ هەروەها تاوەکوو 30ی حوزەیرانی 2027 پرۆسەکە بە تەواوی کۆتایی دێت هەرچەندە میلیشیاکان داوایان کردووە تا کۆتایی 2027 مۆڵەتیان پێبدرێت.

زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، هەڵوەشاندنەوەی چوار گرووپی سەرەکییە وەک قەوارەی سەربەخۆ، گوتیشی: "ئەوان وەک تاک پەیوەندی بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە دەکەن و تێکەڵ دەبن. لە دوای ئەو وادەیەشەوە، هەر گرووپێک لەژێر ناوی میلیشیادا کار بکات، وەک یاساشکێن مامەڵەی لەگەڵ دەکەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق زیانە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو کە بەهۆی شەڕی واشنتن و تارانەوە تووشی هاتوون و رایگەیاند، عێراق 60%ی داهاتی مانگانەی هەناردەکردنی نەوتەکەی لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی پەککەوتنی گەرووی هورمز. هەروەها ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی دارایی بەرکەوتووە.

زەیدی ئاشکرای کرد، ئێران رێگە بە تانکەرە نەوتییەکانی عێراق نادات لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕن و گوتی: "ئێمە بە درێژی قسەمان لەگەڵ کردن، بەڵام بڕیارەکەی ئێران یەکلاکەرەوەیە. ئامانجی ئەوان بەرزکردنەوەی نرخی جیهانیی نەوتە، ئەمەش پەیوەندی بە نزیکایەتیی ئێمە لێیانەوە نییە، لە هەموو حاڵەتێکدا ئەوان دەیانەوێت فشار دروست بکەن."

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بۆ دەربازبوون لە ئابڵووقەی کەنداو، کار لەسەر هێڵی نوێی بۆریی نەوت دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا، عێراق رێککەوتنێکی یەک ساڵەی بۆ زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەکانی تورکیاوە واژۆ کردووە و دەیەوێت توانای بۆرییەکە فراوانتر بکات. هەروەها هەفتەی رابردوو لە فەرەنسا و ئەڵمانیا پلانێکی پێشنیاز کردووە بۆ راکێشانی بۆریی نەوت لە رێگەی خاکی تورکیاوە بەرەو ئەوروپا.

سەبارەت بە داواکارییەکانی تورکیاش لە بارەی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، زەیدی گوتی: هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ ئەنقەرە دەدات بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق

زەیدی کە بە نیازە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، دیدگای کابینەکەی بەم شێوەیە دەربڕی: "دەمانەوێت پردی پەیوەندی و ئابووری لە نێوان عێراق و وڵاتانی جیهاندا دروست بکەین. لە سایەی ئەم حکومەتەدا، عێراق دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتن، نەک مەیدانی دوژمنکاری."

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان