زەلیمخان موتسۆیێڤ، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی رووسیا (دۆما) نهێنیی حەوت جار سەرکەوتنی لەسەریەکی لە هەڵبژاردنەکاندا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، متمانەی بەردەوامی گەلانی جیاوازی وڵاتەکە بۆ کارکردنی بەردەوام و پێشکەشکردنی راپۆرتی شەفاف دەگەڕێتەوە، نەک بەخشینی بەڵێنی بێ بنەما لە کاتی بانگەشەدا.
لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵاوە، پارتی دەسەڵاتداری "رووسیای یەکگرتوو"بە بەدەستهێنانی 57.83%ی دەنگەکان پلەی یەکەمی گرتووە، لە کاتێکدا شیوعییەکان 13.81%، لیبڕاڵ دیموکرات 8%، و پارتی خەڵکی نوێ و دادپەروەریش لەسەدا پێنجی دەنگەکانیان بردووە.
لە نێو کێبڕکێی 225 کورسیی بازنە سەربەخۆکان لە کۆی 450 کورسیی پەرلەمان، زەلیمخان موتسۆیێڤ وەک کاندیدێکی سەربەخۆ لە بازنەی پێرڤەئوڕاڵسک لە هەرێمی یەکاتێرنبێرگ توانی بەسەر هەشت کاندیدی دیکەی ناوچەکەدا سەربکەوێت و بۆ خولی نۆیەم و بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە متمانەی نوێنەرایەتیکردن بەدەستبهێنێتەوە، کە ئەمەش بە دەگمەنترین ریکۆرد لە مێژووی پەرلەمانی رووسیادا هەژمار دەکرێت.
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری سەبارەت بە نهێنیی بەدەستهێنانی متمانەی گەلانی رووس، تاتار، داغستانی، ئازەری و ئەرمەنی بۆ حەوتەمین جار، موتسۆیێڤ روونی کردەوە, خزمەتکردنی راستەقینەی خەڵک و کارکردنی دڵسۆزانە بنەمای ئەم سەرکەوتنەیە.
ئاشکرای کرد, هەرگیز لە کاتی کەمپەینەکاندا بەڵێنی بێ بەڵگە بە هاووڵاتییان نادات، بەڵکو ساڵانە لە رێگەی کتێب و راپۆرتی فەرمیی چاپکراوەوە بە وردی تەواوی کار و پڕۆژەکانی لە خزمەتی گشتی، رێگاوبان و پەروەردە دەخاتە بەردەست دەنگدەران تاوەکو خۆیان بڕیار بدەن ئایا شایستەی هەڵبژاردنەوەیە یان نا، چونکە باوەڕی وایە گەل و دەوڵەت یەکن و دەبێت پەرلەمانتار خزمەتکاری راستەقینەیان بێت.
زەلیمخان موتسۆیێڤ کە لە ساڵی 2000ـەوە بە داواکاریی دانیشتووانی ناوچەکەی بووەتە ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی، رایگەیاند بۆ پێنج ساڵی داهاتووش لە نێو کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەردەوام دەبێت کە ماوەی 25 ساڵە ئەزموونی تێدا پەیدا کردووە.
پەرلەمانتارە کوردەکەی دۆما باسی لەوە کرد لە پاڵ کارە دیپلۆماسییەکان، لەسەر ئاستی ناوخۆ بەردەوام دەبێت لە بەدەستهێنانی زۆرترین بودجەی فیدراڵی بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمەکەی، لە پاڵ خەرجکردنی بەشێک لە سەرمایەی تایبەتیی خۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، باخچەی ساوایان و دابینکردنی هاوکاریی دارایی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان.
پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا لە رۆژانی 18 تا 20ی ئەیلوولی 2026 بە شێوەی ئامادەبوون لە بنکەکان و دەنگدانی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، کە تیایدا 10 لایەنی سیاسی و زیاتر لە سێ هەزار و 100 پاڵێوراو کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانی 450 کورسییەکەی ئەنجوومەنی دۆما دەکرد.
لە نێو سیستەمی فرەبازنەییدا، هەڵبژاردنەوەی بەردەوامی زەلیمخان موتسۆیێڤ بۆ حەوتەمین جار، وەک دەستکەوتێکی کەم وێنە لە مێژووی پەرلەمانی رووسیادا لێکدەدرێتەوە، کە تێیدا کەسایەتییەکی کورد توانیویەتی متمانەی بەهێزی ناوچەکەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بۆ خۆی مسۆگەر بکات.




