ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ لە تۆری کۆمەڵایەتیی "ئێکس"پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی هێزی پێشمەرگە کرد.
ئەعرەجی نووسیویەتی "پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دەکەم بەبۆنەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی و لەژێر فەرماندەییەکی یەکگرتووی سەربازیی دا".
هەروەه ئاماژەی داوە، "ئەمە هەنگاوێکە بۆ پەرەپێدانی سیستەمێکی پیشەیی ئاسایشی نیشتمانی، کە دەستوور و سەروەریی یاسا بەهێزتر دەکات".
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێت: ئێمە ئەم هەنگاوە وەک بەشدارییەک لە هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ چەسپاندنی بڕیاری چەک لە دەستی دامەزراوە شەرعییەکان بێت و جێبەجێکردنی یاسا و پەرەپێدانی یەکگرتن لە نێوان هێزە فیدراڵییەکان و پێشمەرگەدا بە نرخ دەزانین، بەمەش سەروەری عێراق و خاک و ئاسایشی هاووڵاتیانی دەپارێزین.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە؛ بە شێوەیەکی فەرمیی یەکخستنی تەواوەتیی هێزی پێشمەرگە راگەیەنرا.




