بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

هێزەکانی حکوومەتی یەمەن بۆ: دەستمان بەسەر چەندین پێگەی حووسییەکاندا گرت

هێزەکانی حکوومەتی یەمەن بۆ: دەستمان بەسەر چەندین پێگەی حووسییەکاندا گرت
سیاسی
تانکێکی هێزەکانی حکوومەتی یەمەن
تانکێکی هێزەکانی حکوومەتی یەمەن
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست حووسییەکانی یەمەن یەمەن

 هێزەکانی حکوومەتی یەمەن دوای پێکدادانێکی قورس لەگەڵ چەکدارە حووسییەکان، توانییان چەندین پێگە لە باشوور و رۆژئاوای پارێزگای تەعز کۆنترۆڵ بکەنەوە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش بخەنە خوارەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، عەقید ماجد نوزەیلی، گوتەبێژی هێزەکانی حکوومەتی یەمەن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی، رایگەیاند، دوای پێکدادانێکی قورس و توند، سوپای یەمەن توانی ئەو پێگانە کۆنترۆڵ بکاتەوە کە پێشتر لە لایەن چەکدارانی حووسییەوە لە باشوور و رۆژئاوای پارێزگای تەعز داگیر کرابوون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەقید نوزەیلی، ئاماژەی بەوە دا، هێزەکانیان پێنج هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێگە و بنکەکانی حووسییەکان لە بەرەی ئەحکوم سەر بە شارۆچکەی حەیفان لە باشووری تەعز ئەنجام داوە. هەروەها باسی لەوە کرد، سێ هێرشی ئاسمانیی دیکەش کراونەتە سەر سەنگەر و قەڵاکانی ئەو گرووپە لە هەمان بەرە.

ئەو فەرماندە سەربازییە، ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی حکوومەت لە رووبەڕووبوونەوەکانیاندا توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە حووسییەکان لە چیای جەرداد لە باشووری رۆژئاوای تەعز بخەنە خوارەوە و گورزی کوشندەیان لێ بدەن.

پارێزگای تەعز یەکێکە لە گەورەترین و ستراتیژیترین پارێزگاکانی یەمەن. لە ساڵی 2015ـەوە ئەم شارە بووەتە گۆڕەپانی ململانێیەکی سەختی نێوان هێزەکانی حکوومەتی شەرعیی یەمەن (بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی عەرەبی) و چەکدارانی حووسییەکان. حووسییەکان بۆ ماوەی چەندین ساڵە گەمارۆیەکی توندیان خستووەتە سەر شارەکە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی بۆ دانیشتووانەکەی.

لە سەرەتای ئەیلوولی 2026، شەڕ لە نێوان حووسییەکان و هێزەکانی حکوومەتی یەمەن، کە لەلایەن سعوودیە و هەندێک لە هاوپەیمانانی عەرەبییەوە پشتگیری دەکرێن، دووبارە توندتر بووەتەوە.

لە ماوەی ئەم مانگەدا، هێرش و پێکدادانەکان لە چەند ناوچەی یەمەن بەردەوام بوون و حووسییەکان هەوڵیان دا کۆنترۆڵی خۆیان لەسەر ناوچە ستراتیژییەکان بەهێزتر بکەن. لە بەرامبەردا، هێزەکانی حکوومەت بە پشتگیری سعوودیە هێرشی پێچەوانەیان ئەنجام داوە.

هەروەها، حووسییەکان هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیان بۆسەر ئامانجەکانی سعوودیە بەردەوام کردووە، کە ئەمەش مەترسیی فراوانبوونی شەڕەکە لە دەرەوەی سنووری یەمەن زیاد دەکات.

گرنگیی ئەم شەڕە تەنها بە یەمەن سنووردار نییە؛ چونکە نزیکی ناوچەی جەنگ لە دەریای سوور و بابولمەندەب دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەشتیوانی و بازرگانیی نێودەوڵەتی هەبێت.

 

 
 
 
 
مەتین کەریم خان ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان