بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

لە پێنج ساڵدا 80 خێزانی هەڵەبجە لە دەرەوە گەڕاونەتەوە

لە پێنج ساڵدا 80 خێزانی هەڵەبجە لە دەرەوە گەڕاونەتەوە
گشتی
کوردستان هەڵەبجە

ئەمڕۆ سیستمی رەوانەکردنی نیشتمانی لە هەڵەبجە دەکەوێتە کار، ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 80 خێزانی هەڵەبجەیی لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە.

پڕۆژەکە لە چوارچێوەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکاندا جێبەجێ دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، ئۆفیسی تایبەت بە گەڕاوەکانی هەندەران لە هەڵەبجە (NRM) کراوەتەوە و سیستمەکەش بە مەبەستی بەستنەوەی لەگەڵ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کارا دەکرێت.

فریاد نەجمەدین، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی هەڵەبجە سەبارەت بە ئامانجی سیستمەکە بەـی گوت "ئامانجی سەرەکیمان خزمەتکردنی ئەو کەسانەیە کە لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکەوە دەگەڕێنەوە و تێکەڵکردنەوەیانە لەگەڵ کۆمەڵگەدا".

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی هەڵەبجە روونیکردەوە، بەهۆی گۆڕانکارییەکان لە دۆخی ناوخۆدا، ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە پێویستیان بە راوێژ و راهێنان هەیە تاوەکو بە ئاسانی دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.

سەبارەت بە شێوازی هاوکارییەکان، نەجمەدین رایگەیاند: "15 نوێنەرمان لە فەرمانگەکانی هەڵەبجە هەن کە ئەرکیان دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و راییکردنی کاروبارە کارگێڕییەکانی وەک ئاو، کارەبا، شارەوانی و دابینکردنی قوتابخانە بۆ منداڵەکانیانە".

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە فۆرمێکی ئەلیکترۆنی پڕ دەکەنەوە و بڕیارەکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لە ساڵی 2023ـەوە گەڕاونەتەوە. هەروەها روونیکردەوە، گەڕاوەکان لە رێگەی رێکخراوەکانەوە کاریان بۆ دەدۆزرێتەوە و پشتیوانی پڕۆژەکانیان دەکرێت.

 
سەردار حەسەن ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان