کونسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر، پیرۆزبایی تەواوبوونی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی و روونیکردەوە، هێزێکی پێشمەرگەی یەکخراو، پیشەیی و ناحزبی، دەبێتە پارێزەری خەڵکی کوردستان و عێراق.
هاوکات کونسوڵخانەی هۆڵەندا جەختیدەکاتەوە، هۆڵەندا شانازی بەوە دەکات کە بەشدار بووە لەم ئەرکە گرنگەی تایبەت بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شۆڕش ئیسماعیل، وەزایری پێشمەرگە، پڕۆسەی یەکخستنەوەی هیزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا کە لە رێوڕەسمەکەدا پێشکەشی کرد، گوتی "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ کوردستان و بۆ پێشمەرگە. رۆژێکی زۆر تایبەتیشە بۆ خودی خۆم کە هەر لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونمان وەکوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، بەڵێنمان دا، بە هەموو توانای خۆمانەوە، کار بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین".
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا، "لە چوار ساڵی رابردوودا، لە ژێر رێنمایی و سەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە هاوکاری وپشتیوانی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، دوای چەندین کۆبوونەوە و کارکردنی چڕ و کاری بێ وەستان، توانیمان بگەینە ئەم قۆناخەی ئێستا، کە ئەمڕۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە رابگەیەنین".




