بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

قەیرانی بەنزین وەزیری نەوت دەباتە پەرلەمانی عێراق

قەیرانی بەنزین وەزیری نەوت دەباتە پەرلەمانی عێراق
ئابووری
عێراق وەزیری نەوتی عێراق پەرلەمانی عێراق کێشەی بەنزین

 بەهۆی قەیرانی کەمیی بەنزین و سووتەمەنی لە پارێزگاکانی عێراق، 60 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت لە نێو پەرلەمان.

فراکسیۆنی سادقوون لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، بۆ لێپرسینەوە لە قەیرانی نەبوونی سووتەمەنی و بەتایبەتی بەنزین لە پارێزگاکانی عێراق، باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوت بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش 60 واژۆیان کۆکردووەتەوە.

فراکسیۆنی سادقوون ئاماژەی بەوە دا، قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی لە عێراق هەیە و وەزارەتی نەوتیش تاوەکوو ئێستا هیچ پێشنیازێکی کورتخایەن و درێژخایەنی بۆ پرسەکە نەخستووەتەڕوو. 

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیاندا، باسیان لەوە کرد، لەبەر ئەو هۆکارانە بڕیاریان داوە بانگهێشتی وەزیر بکەن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن. روونیشیان کردەوە، رێکارە یاساییەکان بۆ بانگهێشتکردنی باسم محەممەد خزەیر لە پەرلەمان دەستیان پێکردووە.

عێراق یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا، بەڵام لە رووی دابینکردنی بەرهەمە پاڵاوتەکانی وەک بەنزین و گازوایل بەردەوام کێشەی هەیە. هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانەش بۆ لاوازیی ژێرخانی پاڵاوگە ناوخۆییەکان و زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل و خواستی رۆژانەی هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە. 

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی دروستبوونی ریزی درێژ لە بەردەم بەنزینخانەکانی چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ناڕەزایەتییەکی زۆری جەماوەری دروست بوو. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، حکوومەتی عێراق ناچار بووە  بڕێکی زۆر پارە بۆ هاوردەکردنی بەنزین لە وڵاتانی دەرەوە تەرخان بکات. 

 
سارەوان حەمەساڵح ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان