بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئەمڕۆ رێوڕەسمی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ رێوڕەسمی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەدەچێت
سیاسی
کوردستان یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە

بڕیارە ئه‌مڕۆ بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە، رێوڕەسمێکی تایبەت بە راگەیاندنی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا یەکخستنی تەواوەتیی هێزی پێشمەرگە رادەگەیەنرێت.

بڕیارە رێورەسمەکە لە بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەبچێت، تێیدا هەنگاوە سەرەکی و کۆتاییەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەخرێنەڕوو.

هەر لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، 10ـی ئەم مانگە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتەکەی راگەیاند و ئاشکراشی کرد تەواوی هێزەکانی یەکەی 70 و 80 لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، (لیوا و فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر) رێکخراونەتەوە.

هەروەها وەزیری پێشمەرگە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە مژدەیەکی مێژوویی و دەستکەوتێکی مەزن بۆ گەلی کوردستان وەسفکرد و رایگەیاندووە، بە شانازییەوە، مژدەیەکی مێژوویی و دەستکەوتێکی مەزن رادەگەیەنین کە خەونی لەمێژینەی گەلەکەمان بووە؛ پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات.

وەزیری پێشمەرگە راشیگەیاند، هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بە فەرمی دەستبەکار دەبن، ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە، لە ژێر فەرماندەیی راستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

هەر لە راگەیەندراوەکە، شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەیداوە، ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی راستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت بووە، لەگەڵ رۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانماندا. ستایشی بێپایانی هاوکارییەکانیان دەکەین و داوایان لێدەکەین لە قۆناخی داهاتوودا، بە شێوازێکی جیاوازتر بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان.

یەکخستنەوەکە بەم شێوەیە:
دەڤەری یەک و دەڤەری دوو
11 فیرقە
هەر فیرقەی 3 لیوا، دوو لیوای پیادەش بۆ هەردوو فیرقەکە.

بەگوێرەی یاداشتی لێکگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن ئەم مانگە دواهەمین وادە بوو بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پیشمەرگە.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان