بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

لە هەفتەی رابردوودا 34 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێنراوە

لە هەفتەی رابردوودا 34 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێنراوە
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەرووی هورمز

ئەم هەفتەیە، داتا و ئامارەکان دەری دەخەن تەنیا 12 کەشتیی بازرگانی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بوون، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی هەفتەی رابردوودا ژمارەی کەشتییەکان نزیکەی 35 کەشتی بووە.

پێش دەستپێکردنی جەنگ، گەرووی هورمز رێڕەوی گواستنەوەی پێنجەکی نەوت و گازی سروشتیی جیهان بووە، بەڵام ئێستا جوڵەی کەشتییەکان بۆ ئاستێکی سنووردار دابەزیوە. سەرەڕای ئەم دۆخە، بەشێک لە بەرهەمهێنەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن لە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی ئەو کەشتیانەی بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن، بەڵام بە کوژاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی و رادارەکان، چاودێریکردنی جوڵەی ئەو کەشتیانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەخت بووە.

هەفتەی رابردوو، عێراق 35%ـی کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاوی ئەو گەرووەی پێکهێناوە و سعوودیەش نیوەی کۆی گشتیی هەناردەکەی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.

داتا سەرەتاییەکانی کۆمپانیای کێپلەر بۆ شیکاری ئاماژە بەوە دەکەن، یەکشەممە تەنیا چوار کەشتیی لەژێر چاودێری گەرووەکەیان جێهێشتووە، کە پێکهاتوون لە دوو نەوتهەڵگر و دوو کەشتیی گواستنەوەی گاز. هاوکات دوو کەشتیی بچووکی نەوتهەڵگر چوونەتە ناو کەنداوەوە.

شەممە پێنج کەشتیی بارکراو بە بەرهەمی کشتوکاڵی، گازی شل و پەیین، کەنداویان بەجێهێشتووە، لە کاتێکدا کەشتییەکی گەورەی گازی بەتاڵ چوونەتە ناو کەنداوەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە داتاکانی کۆمپانیای کەپلێر بڵاویکردەوە؛ لە هەفتەی رابردوودا، 13 کەشتیی گواستنەوەی نەوتی خاو کە 34 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتبوو، گەرووی هورمزیان تێپەڕاندووە و رۆیشتوون.

پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتدا، گەرووی هورمز رۆژانە شاهیدی تێپەڕبوونی نزیکەی 125 کەشتیی بازرگانیی گەورە بوو، کە نەوتهەڵگر، کەشتیی گواستنەوەی گاز، کەشتیی بارهەڵگر و کۆنتێنەرەکانی لەخۆ دەگرت.

 
 
 
 
 
لاڤین عومەر ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان