بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

چوارچێوەی هەماهەنگی تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی تاوتوێ کرد

چوارچێوەی هەماهەنگی تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی تاوتوێ کرد
سیاسی
عێراق

چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، و تێیدا جەختی لەسەر پەلەکردن لە پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کابینەی حکوومەت کردەوە، هاوکات ئامادەکارییەکانی بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیران بۆ نیویۆرک و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئێوارەی یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2026، کۆبوونەوەی خۆی لە نووسینگەی عەبدولحوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی بەڕێوەبرد، بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی تا تاوتوێی دوایین پێشهاتە ناوخۆیی و هەرێمییەکان بکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دانیشتنەکەدا دۆسیەی تەواوکردنی پێکهاتەی حکوومەت بە وردی تاوتوێ کرا و سەرکردەکانی چوارچێوە پێداگرییان لەسەر خێرا یەکلاییکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان کرد لەسەر بنەمای لێهاتوویی و دەسپاکی تاوەکو دەستەبەری کارکردنی ڕێکوپێکی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گوێبیستی پوختەیەک لە راپۆرتی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوون سەبارەت بە لێکتێگەیشتن و دەرەنجامی سەردانە فەرمییەکەی ئەم دواییەی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپا. ئامادەبووان ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بەغدایان کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، فرەچەشنکردنی هاوبەشییە ستراتیژییەکان و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ پێشخستنی کەرتی ئابووریی وڵات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە بە چڕی سەرنجی خستە سەر ئامادەکارییەکان بۆ سەردانە فەرمییەکەی سەرۆکوەزیران بۆ شاری نیویۆرک بە مەبەستی بەشداریکردن لە کارەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتیان کردەوە، پێویستە لەو سەکۆ نێودەوڵەتییەدا پەیامی روونی عێراق سەبارەت بە پاراستنی سەروەریی خاکی وڵات، رەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆدا، و پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بخرێنەڕوو، هاوشانی پێشاندانی دەستکەوتەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، هاوکات سەرجەم هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی یەکڕیزیی هەڵوێست و پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت دووپاتکردەوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان