سوپای ئێران رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە رێگەی سیستمێکی خۆماڵییەوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕیی پێشکەوتوویان لە جۆری ئۆربیتەر لە ئاسمانی گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج و خستوویانەتە خوارەوە.
لە راگەیەندراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026 هاتووە، کاتژمێر 6:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چاودێری و سیخوڕیی پێشکەوتوو لە جۆری ئۆربیتەر، بە تەقەی سیستمە خۆماڵییەکانی سەر بە هێزی بەرگریی ئاسمانیی سوپا لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵات و لە چوارچێوەی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیدا لەسەر گەرووی هورمز کرایە ئامانج و بە تەواوەتی تێکشکێندرا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەڕەشە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە لووتکە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداریدا، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکداێکی گەورە دەربارەی ئێران روودەدات، ئاماژەی بەوە کرد بژاردەکانی بەردەم واشنتن بریتین لە: لەناوبردنی ئێران، هێشتنەوەی تا لە رووی ئابوورییەوە بە تەواوی دادەڕمێت، یانیش واژۆکردنی رێککەوتنێک.
لەگەڵ ئەم لێدوانانە، چاودێرانی سەربازی فڕینی بۆمبهاوێژێکی ستراتیژیی دوورمەودای ئەمریکییان لە جۆری «بی-1 بی لانسەر تۆمارکرد لە بنکەی فەیرفۆردی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیاوە بەرزبووەتەوە، ئەوەش لە سایەی جموجووڵە سەربازییە چڕەکانی ناوچەکە.
ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا لە دۆخێکی یەکجار هەستیار و پڕ لە گرژیدایە، راپۆرتە هەواڵگرییەکان و جووڵە خێراکانی مەیدان رایانگەیاند، رووبەڕووبوونەوەی حەوت مانگی رابردووی نێوان واشنتن و تاران چووەتە مەترسیدارترین قۆناخی خۆیەوە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا، دوێنێ باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە بەغدا، بەیروت، کوەیت، بەحرەین، مەسقەت و عەمان هۆشداریی ئەمنیی بەپەلەیان ئاراستەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان کرد، بە تەواوەتی لە خۆپیشاندان، گردبوونەوە گشتییەکان و ناوچە پڕ لە هێزە ئەمنییەکان دووربکەونەوە.




