بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

هەستنامەی کچێکی مێرمنداڵ بۆ دایکی لە کتێبی "راژانە رێ"بڵاودەکرێتەوە

هەستنامەی کچێکی مێرمنداڵ بۆ دایکی لە کتێبی "راژانە رێ"بڵاودەکرێتەوە
رۆشنبیری
کوردستان چیرۆک کتێب چاپی نوێ

کتێبی "راژانە رێ"لە نووسینی رۆژگار شێخەیە، بەرهەمێکی ئەدەبی نوێیە لە ژانری نامەنووسینە و هەست و ئازاری کچێکی مێرمنداڵ بۆ دایکی لە شێوەی 30 نامە و وەڵامێکی ئەدەبی دەخاتەڕوو.

یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، رۆژگار شێخە، نووسەر و هونەرمەند بەـی راگەیاند، "کتێبەکە لە 56 لاپەڕە پێکهاتووە و ​ناوەڕۆکی کتێبەکە باسی چیرۆکی کچێک دەکات لە دووری دایکی، ناوەرۆکی هەست و ئەزموونەکانی ژیانی لە قالبێکی ئەدەبیی بەرزدا دەنووسێتەوە. ئەم نامانە لەسەر ئاستی جۆری ئەدەبی بۆ منداڵان و گەنجان پۆلێن دەکرێن، لەرووی رووکەشەوە سادەن، بەڵام لە ناوەرۆکدا هەڵگری پەیامی قووڵ، ئازار، دڵشکان، تەنیایی و ترسی کچێکن لە تەمەنی 13 ساڵییەوە بەهۆی کۆچی دوایی دایکی، دەبێتە بەرپرسیاری ماڵەوە و رۆڵی خوشک و دایک بۆ خێزانەکەی دەگێڕێت."

رۆژگار شێخە سەبارەت بەو بەرهەمە ئەدەبییە گوتی، "​کارێکی ئەدەبیی وردم لەسەر داڕشتنەوەی دێڕەکان کردووە بۆ ئەوەی نامەکان بگەیەنمە ئاستێکی بەرزی ئەدەبی، هەروەها لە هەنگاوێکی جیاوازدا، دەرفەت دراوە بە دایکەکەش تاوەکو لەڕێگەی نووسینەوە وەڵامی نامەکانی کچەکەی "راژان"بداتەوە."

ئەو نووسەرە جەختی لەوەش کردەوە، "​کتێبەکە لە 15 نامەی راژان بۆ دایکی و 15 وەڵامی دایک بۆ راژان پێکهاتووە. هەر نامەیەک خاوەنی ناو و پێناسەیەکی تایبەت بە خۆیەتی و بە زمانێکی هاوسەنگ و ئەدەبیی رەواندا هێنراوەتە بەرهەم."

سەبارەت بە نیشاندانی ئازار و خەمباری راژان لەنێو کتێبەکەدا، رۆژگار شێخە دەڵێت، "​سەرەڕای نیشاندانی ئازار و خەمباری، کتێبی "راژانە رێ"هاوکات تیشک دەخاتە سەر ورەبەرزکردنەوە، سەرکەوتن، جڕدانی راژان لەسەر خوێندن و گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ژیاندا، کە ئەمەش پەیامێکی پڕ لە ئومێد بە خوێنەران دەبەخشێت."

رۆژگار شێخە ئەوەشی روونکردەوە، "راژان، ئەو کچەی سەرەڕای رووبەڕووبوونەوەی ناهەموارترین قۆناخەکانی ژیان و چەشتنی ئازاری لەدەستدانی ئازیزان، خەمباری، ترس و نیگەرانییە بەردەوامەکان، توانیوێتی  برینەکانی سارێژ بکات و وەک سیمبولی ئیرادە و خۆڕاگری لەسەر پێی خۆی بپەڕێتەوە."

شێخە زیاتر باس لە چیرۆکی راژان دەکات و دەڵێت، "​راژان کۆڵی نەداوە و پێداگری لەسەر بەردەوامیدان بە ژیان و هاتنەدی خەونەکانی دەکات. لە ئێستادا هەنگاوی ناوەتە قۆناخێکی نوێی خوێندنی ئەکادیمی و لە زانکۆ دەخوێنێت، تاوەکو لەڕێگەی پسپۆڕییەکەیەوە بێتە پاڵپشت و هیوایەک بۆ ئەو کەسانەی رووبەڕووی ئازار و قەیرانە دەروونییەکان دەبنەوە."

ئەو نووسەرە رایگەیاند، "لە ناوەندی ئەدەبی و کتێبخانەی کوردیدا، جۆرەها بەرهەمی ئەدەبی بەپێی قۆناخە تەمەنییەکان بەردەستن، بەڵام لە بواری ئەدەبی مێرمنداڵاندا هێشتا کەلەبەری بەرچاو و باکگراوندی کەمتر کارپێکراو دەبینرێن. ​کتێبی "راژانە رێ"، یەکەم بەرهەمی لەم جۆرەیە دێتە ناو کتێبخانەی کوردییەوە، تێیدا هەستنامەی کچێکی مێرمنداڵ بۆ دایکی بەرجەستە دەکات. وەک لە پێشەکی کتێبەکەدا لەلایەن حەسەن نازمەوە رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا لە ژانری ئەدەبی مێرمنداڵاندا بەرهەمێکی لەم شێوازە نەبووە و کتێبخانەی کوردی هەستنامەیەکی تایبەت بەم تەمەنەی تێدا بەدی نەکراوە."

رۆژگار شێخە، نووسەر و هونەرمەند، لە ساڵی 1982 لە رانیە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە و لە ساڵی 2009ـوە دەستی بە کارکردن لە بواری وێژەی منداڵاندا کردووە، هەروەها لە ساڵی 2011ـوە وەک مامۆستای هونەر لە باخچەی منداڵان دامەزراوە و لە سەرپەرشتیکردن و پەروەردەکردنی منداڵان بەردەوامە.

 
گەرمیان گلی ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان