سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی کار بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و هاوکاریکردن لە چارەسەری قەیرانەکاندا دەکات، هاوکات جەختیکردەوە، بەغدا خاوەنی سیاسەتێکی دەرەکیی کراوەیە لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش بونیاتنراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026 بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەغدا پێشوازی لە ژمارەیەک سەرۆکی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، توێژینەوە و فکری لە عێراق کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا رۆڵی ئەم ناوەندانە لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و پشتیوانیکردنی پرۆسەی بڕیاردان لە دەوڵەتدا تاوتوێ کرا و سەرۆکوەزیرانیش پاڵپشتیی تەواوی حکوومەتی بۆ ئەو ناوەندانە دووپاتکردەوە.
زەیدی لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی بە رێڕەوی سیاسەتی دەرەکی و ستراتیژی حکوومەت کرد و گوتی: عێراق لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی خۆیەوە لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمایەتی، کار بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا دەکات. روونیشیکردەوە، بەغدا هەوڵ بۆ دروستکردنی هاوبەشیی ئابووری و گەشەپێدانی درێژخایەن دەدات لەگەڵ سەرجەم دەوڵەتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ و کەرتی ئابووری، سەرۆکوەزیران ئاشکرایکرد، لەم قۆناخەدا عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاریی ئابووریی ناوازە و سەخت بووەتەوە، بەتایبەت لە سایەی لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکە و داخرانی گەرووی هورمز. ئاماژەی بەوەش کرد حکوومەت بەردەوامە لە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات لە رێگەی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت، هاوشانی کارکردن بۆ دروستکردنی سندوقی گەشەپێدان و بەردەوامیدان بە پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون و بنیاتنانی شارە نوێیەکان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە ناوەندە فکری و توێژینەوەییەکان کرد سوود لە ئەزموونە جیهانییە سەرکەوتووەکان وەربگرن و لەگەڵ واقیع و پێداویستییەکانی عێراقدا بیگونجێنن، هاوکات لە بەرامبەردا، سەرۆکی ناوەندە توێژینەوەییەکان کۆمەڵێک دیدگا، سەرنج و پێشنیازیان لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و پەیوەندییە دەرەکییەکان پێشکەش بە سەرۆکوەزیران کرد.




