سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی لەم بارودۆخە هەستیارەدا گەرەنتیی بەهێزی و سەقامگیریی وڵاتە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە سەرەڕای ئەوەی تاران جەنگی ناوێت، بەڵام لە بەرامبەر هیچ زۆردارییەکدا پاشەکشە ناکات.
مەسعوود پزیشکیان،سەرۆککۆماری ئێران، یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، باسی لە دۆخی نێوخۆیی وڵاتەکەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان، کەمتەرخەمی و گرنگینەدانی پێویستە پێیان، و گوتی: ئەگەر چارەسەری پێویستمان بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە هەبێت، زەمینە بۆ ناڕەزایەتی دروست نابێت. روونیشیکردەوە لە ئێراندا هەمووان بەرپرسیارن لە هاوکاریکردنی یەکتر و دەبێت بە تەواوی لە ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکان دووربکەونەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی تاران بەرامبەر ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، پزیشکیان دووپاتیکردەوە: هەرچەندە ئێمە جەنگ و پێکدادانمان ناوێت و بە زیانی گەلەکەمان و تەواوی جیهانی دەزانین، بەڵام هەرگیز لە بەرامبەر زۆرداری و ملهوڕیدا چۆک دانادەین.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران تیشکی خستە سەر پرسی ئاشتی و دانوستان لەگەڵ نەیارانی وڵاتەکەی و گوتی: بەپێی بنەما و فێرکارییە ئایینییەکانمان، نابێت ئەو ئاشتییە رەتبکرێتەوە کە دوژمن داوای دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا نابێت لە فێڵ و تەڵەکەی دوژمنیش غافڵ و بێئاگا بین.
ئەم قسانەی سەرۆککۆماری ئێران دوای هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز گوتی، "ئێستا بژاردەکان لەسەر مێزن، لەوانە لەناوبردنی تەواوەتیی ئێران، یان رێگەدان بەوەی لە رووی ئابوورییەوە داڕمانی تەواوەتی لەو وڵاتە رووبدات، یان گەیشتن بە رێککەوتنێک."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "پرسیارەکە ئەوەیە کەی و ئایا ئێران بە تەواوەتی دەتەقێنمەوە، باشتر وایە رەفتارەکانیان باش بکەن."
سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تاران، ترەمپ رایگەیاند، کراوەیە بۆ بیرۆکەی دیدار لەگەڵ سەرۆکی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا.
گوتیشی، "هەندێک لە بەرپرسانی ئێران خۆیان حەشارداوە و ناتوانین ئەو کەسانە بدۆزینەوە دەسەڵاتی واژۆکردنی رێککەوتنیان هەبێت."
لەسەر دۆخی ناوچەکە، سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئەم هەفتەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاواز نییە لە هەفتەکانی دیکە، هەرچەندە هۆشداری دراوەتە هاووڵاتییانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ترەمپ روونیکردەوە وڵاتەکەی لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ حووسییەکان و ئەوان رازی بوون ئیتر جەنگ درێژە پێنەدان و کۆتایی پێبهێنن.




