بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئیتاڵیا پۆشینی نیقاب لە قوتابخانەکان قەدەخە دەکات

ئیتاڵیا پۆشینی نیقاب لە قوتابخانەکان قەدەخە دەکات
سیاسی
جیهان

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، بەم زووانە پڕۆژەیاسایەک پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەکات بۆ قەدەخەکردنی پۆشینی نیقاب لە ناو قوتابخانەکاندا، هاوکات ژمارەی قوتابیانی بیانی لە پۆلەکاندا سنووردار دەکرێت و فێربوونی زمانی ئیتاڵی بەسەر کەسوکاریاندا دەسەپێنرێت.

یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، جۆرجە مێلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە میانی گوتارێکیدا لە بەردەم لقی گەنجانی پارتی "برایانی ئیتاڵیا"، ئاماژەی دا، کابینەکەی بەم نزیکانە کۆمەڵێک ڕێکاری نوێ تاوتوێ دەکات بۆ توندکردنەوەی مەرجەکانی بەشداریپێکردنی کۆچبەران لە کۆمەڵگەدا.

مێلۆنی روونی کردەوە کە جگە لە قەدەخەکردنی پۆشینی نیقابی ئیسلامی لە ناوەندەکانی خوێندندا، پێویستە ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان کێشەی تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ سیستەمی خوێندندا هەیە پابەند بکرێن بە فێربوونی زمانی ئیتاڵی، لە پاڵ دانانی سەقفێکی یاسایی دیاریکراو بۆ ژمارەی ئەو قوتابییە بیانییانەی کە لە یەک پۆلدا دەخوێنن.

ئەم هەڵمەتەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کاتێکدا دێت کە پرسی کۆچبەری و تێکەڵکردنی بیانییەکان بووەتە کارتی سەرەکیی کەمپەینی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی داهاتوو لەو وڵاتەدا کە دەکەوێتە هێڵی پێشەوەی دەریای ناوەڕاست بۆ وەرگرتنی کۆچبەران.

هاوکات لە مانگی تەممووزی رابردوودا پارتی ئۆپۆزیسیۆنی "داهاتووی نیشتمانی (FN)"کە پارتێکی توندڕەوترە و پێگەی جەماوەریی بە خێرایی لە راپرسییەکاندا هەڵکشاوە، داوای قەدەخەکردنی نیقاب کردبوو، لە هەمان کاتدا پارتی هاوپەیمانی لە حکوومەت پڕۆژەیاسایەکی پێشکەش بە ئەنجوومەنی پیران کردووە بۆ قەدەخەکردنی داپۆشینی دەموچاو لە شوێنە گشتییەکاندا.

بەپێی یاساکانی ساڵی 1975 لە ئیتاڵیا، داپۆشینی دەموچاو بە جۆرێک کە ناسینەوەی کەسەکە ئەستەم بکات بەبێ هۆکاری رەوا قەدەخەیە، بەڵام لە ساڵی 2008 دادگای باڵای کارگێڕیی وڵاتەکە رێگەی دابوو بە پۆشینی باڵاپۆشیی تەواو بە هۆکاری ئاینی بە مەرجێک لە کاتی پێویستدا دەموچاو ئاشکرا بکرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، بەپێی ئامارەکانی پەیمانگەی نیشتمانیی ئامار (ISTAT)، قوتابیانی بیانی نزیکەی 12%ی کۆی قوتابیانی قوتابخانەکانی ئیتاڵیا پێکدەهێنن، و لە ساڵی 2010ەوە رێژەیان لە هەر پۆلێکدا بە 30% سنووردار کراوە، بەڵام بڕیارە نوێیەکەی مێلۆنی هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی زیاتری ئەو رێژەیە و ناچارکردنی خێزانە بیانییەکان بە فێربوونی زمانی دەوڵەت.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان