پێشانگەی کتێبی یۆتۆبۆری، کە ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا لە یۆتۆبۆریی سوید دەکرێتەوە، ئەمساڵ بۆ ماوەی چوار رۆژ دەبێتە ناوەندێکی کۆبوونەوەی نووسەران، بڵاوکەرەوەکان، خوێنەران و پیشەییانی بواری کتێب و بە یەکێک لە گرنگترینە کولتوورییەکانی ئەورووپا هەژمار دەکرێت.
یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، پەیام ئیبراهیم، نووسەر و بەشداربووی پێشانگەکە بەـی راگەیاند: "پێشانگەی کتێبی یۆتۆبۆری لە ساڵی 1985ـەوە دەستی بە کار کردووە و ئەمساڵ 42ـەمین خولی بەڕێوەدەچێت، هەروەها وەک گەورەترینی کولتووری لە وڵاتانی باکووری ئەورووپا و یەکێک لە گەورەترین پێشانگەکانی کتێب لە ئەورووپا ناسراوە."
پەیام ئیبراهیم سەبارەت بە وردەکاریی چالاکییەکان گوتی: "ساڵانە زیاتر لە 90 هەزار سەردانکەر بەشداری لە پێشانگەکەدا دەکەن و نزیکەی 760 بەشداربوو لەگەڵ زیاتر لە 3,500 بەرنامە و چالاکی لە ماوەی چوار رۆژدا بەڕێوەدەبەن. لە خولی ساڵی رابردوودا 156 میوانی نێودەوڵەتی لە 35 وڵاتەوە بەشدارییان کردووە و زیاتر لە 700 رۆژنامەنووس و میدیاکارەکانی پێشانگەکەیان رووماڵ کردووە."
ئەو نووسەرە لەبارەی گرنگیی پێشانگەکەوە روونیکردەوە: "گرنگیی پێشانگەکە تەنیا لە ژمارەی سەردانکەران و بەشداربوواندا نییە، بەڵکو لە کاریگەرییەکەیەتی لەسەر خوێندنەوە و بڵاوبوونەوەی کتێبەکان. نزیکەی 40%ـی سەردانکەران پیشەیین و مامۆستایان و کتێبدۆستان بەشێکی سەرەکیی ئەو گرووپەن، کە رۆڵێکی گرنگیان لە دیاریکردنی ئەو کتێبانەدا هەیە کە دەگەنە دەستی منداڵان و خوێنەران لە سوید."
پەیام ئیبراهیم رایگەیاند، لەم پێشانگەیەدا تەنیا کتێب نافرۆشرێت، بەڵکو گفتوگۆ و بڕیاردان لەسەر کتێب و خوێندنەوە دەکرێت و پێشانگەکە بووەتە شوێنێک بۆ ناساندنی بەرهەمە نوێیە ئەدەبی و فکرییەکان و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان نووسەر و خوێنەردا.
سەبارەت بە بەشداریی خۆی، ئەو نووسەرە گوتی: "من بە کتێبی «21 تیشکی خۆری کوردستان» لەم پێشانگەیە بەشدارم، کە کتێبێکی مێژووییە و بە شێوازی کورتەچیرۆک نووسراوە. ئەم کتێبە باس لە 21 کەسایەتیی شۆڕشگێڕی کورد دەکات، لەنێویشیاندا مەلا مستەفای بارزانی هەیە و یەکەمین کتێبە لە سەرانسەری کوردستان کە کەسایەتییە مێژوویی و شۆڕشگێڕەکان بەو شێوازە دەخاتەڕوو."
پێشانگەی کتێبی یۆتۆبۆری بڕیارە لە 24ـی ئەیلوولی 2026، لە سەنتەری سونسکا ماسان لە یۆتۆبۆریی سوید دەست پێ بکات و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.




