بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

عێراق ژمارەیەک هاووڵاتیی فەرەنسی بەتۆمەتی داعش بوون دادگایی دەکات

عێراق ژمارەیەک هاووڵاتیی فەرەنسی بەتۆمەتی داعش بوون دادگایی دەکات
سیاسی
عێراق زیندانییانی داعش

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، دادگای عێراق دەست بە دادگاییکردنی شەش هاووڵاتیی فەرەنسی دەکات، کە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە رێکخراوی داعش دەستگیرکراون. هاوکات هەزاران کەسی دیکە بە رەگەزنامەی جیاوازەوە لە زیندانەکانی عێراق چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەن.

سەرچاوەیەکی دادوەریی عێراق پێنجشەممەی رابردوو وادەی دانیشتنەکەی نە ئاژانسی فرانس پرێس راگەیاند و گوتی: شەش هاووڵاتییە فەرەنسییەکە ناسنامەکانیان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەشێکن لە گرووپێکی 47 کەسی کە ساڵی 2025 لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لە نێو دەستگیرکراوەکاندا ئەدریان گییال هەیە، ئەو کەسە بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی شاری نیس لە فەرەنسا لە 14ـی تەممووزی 2016ـی راگەیاندبوو، کە تێیدا 86 کەس گیانیان لەدەست دا.

دادگاکانی عێراق لە ساڵانی رابردوودا سزای لەسێدارەدان و زیندانیی تاهەتاییان بەسەر ژمارەیەک تۆمەتباری بیانیدا سەپاندووە، لە ساڵی 2019 سزای لەسێدارەدان بۆ 11 هاووڵاتیی فەرەنسی دەرچوو، بەڵام دواتر لە قۆناخی تێهەڵچوونەوەدا سزاکانیان بۆ زیندانیی تاهەتایی کەمکرایەوە.

گرووپەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە خێرایی دادگاییکردنی کەیسەکانی تیرۆر دەربڕیوە، چالاکوانانی ئەو بوارە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو دادگاییکردنانە پابەندی گەرەنتییە پرۆسەییەکان نەبوون، هەروەها زۆر شایەتحاڵ هەن کە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەن لەو تاوانانەی رێکخراوەکە کردوونی و گۆڕی بەکۆمەڵی زۆری لێکەوتووەتەوە.

پارێزەرانی فەرەنسی بە ناوەکانی ماری دوزێ، ماتیو باغار، ڤیکتوار دومییەر، پۆلین گامبا-مارتینی و باتیست ڤاشۆن لە راگەیەندراوێکدا داوای گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان کردووە، ئەوان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە نەبوونی شەفافییەت لە رێکارە دادوەرییەکان دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد، بریکارەکانیان لە مافی بەرگریکردن بێبەش کراون.

لە سەرەتای ساڵی 2026، زیاتر لە 5,700 کەس لە 60 رەگەزنامەی جیاوازەوە، کە گومانی ئەندامێتی داعشیان لێدەکرێت، لە کەمپەکانی سووریاوە گواسترانەوە بۆ عێراق. لە نێوانیاندا لانیکەم پێنج هاووڵاتیی فەرەنسی هەن، کە هەندێکیان کاتی پەیوەندییکردنی خێزانەکانیان بە رێکخراوەکەوە، تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە سەرەتای ئەیلوولدا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو 5,700 کەسە تەواو بووە و قۆناخی رەوانەکردنیان بۆ دادگای تاوانەکان دەستی پێکردووە، بە گوتەی ئەنجوومەنەکە، لێکۆڵینەوەکان بوونەتە هۆی ئاشکراکردنی چەکدارە مەترسیدارەکان و سەرکردەکانی داعش، هەروەها زانیاریی پەیوەست بە تاوانە دڕندانەکانی دژ بە کۆمەڵگەی ئیزدی بەدەست هاتوون.

بەپێی زانیارییەکانی هەمان ئەنجوومەن، لێکۆڵینەوەکان بوونەتە هۆی رادەستکردنی هاووڵاتییەکی فینلاندی و ئەمریکی بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانیان، لەگەڵ ئازادکردنی حەوت عێراقی، هاوکات رێکارەکان بۆ ئازادکردنی 457 دەستبەسەرکراوی سووری لە تەواوبووندایە، چونکە هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نەسەلمێنراوە.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان