دوو سەرچاوەی سەربازیی سەر بە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان)، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیان راگەیاند، ژمارەیەک لە شارەزایانی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی ناوچەی بابولمەندەبیان کردووە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دانانی سیستمی رادار لەو ناوچەیە و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی هەڵکەندنی تونێل لە گرد و تەپۆڵکە بەرزەکاندا.
بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026 قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، شارەزا ئێرانییەکان هاوکاریی سەربازیی پێشکەشی حووسییەکان دەکەن، لە حودەیدەوە هاتوون و لە نێوان پێنجشەممە و هەینیدا بە جیا سەردانی ناوچەی بابولمەندەب، بەندەر و فڕۆکەخانەی مۆخا، هەروەها سەربازگەی جەبەلولنارـیان لە رۆژهەڵاتی مۆخا کردووە، پێشتر وەک ژووری ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی حکوومەتی یەمەن و هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە بەکاردەهات.
سەرچاوەکان رایانگەیاند، شارەزاکان سەرپەرشتیی لێدانی تونێلیان لە گرد و شاخەکانی دەوروبەری مۆخا و بابولمەندەب کردووە و تاوتوێی دانانی سیستمی راداریان لە نزیک مۆخا و نێو دوورگەی زوقەر لە باشووری دەریای سوور کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە حکوومییەکانی یەمەن بە فرانس پرێسیان راگەیاند، شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان حووسییەکان و هێزەکانی حکوومەتی یەمەن لە دەوروبەری زنجیرە چیاکانی کەهبووب دەڕوانێتە سەر بابولمەندەب بە توندی هەڵکشاوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵی حووسییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە بە مەبەستی چەسپاندنی دەستکەوتەکانیان لە دەوروبەری ئەو گەرووە ستراتیژییەدا، بەتایبەت دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو دەستیان بەسەر تەواوی کەناراوەکانی رۆژئاوای دەریای سووردا گرت.
دەستپێکردنەوە و پەرەسەندنی ململانێکانی یەمەن لە مانگی تەمووزی رابردووەوە لەسەر پاشخانی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران رووی لە زیادبوون کردووە، کاریگەریی گەورەی لەسەر جووڵەی دەریاوانی لە ناوچەکەدا بەجێهێشتووە و بووەتە هۆی پاشەکشەی بەرچاوی هەناردەی نەوتی عەرەبستانی سعوودیە.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر تایبەتە بە چاودێریکردنی جووڵەی کەشتیوانی، لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا تەنیا پێنج کەشتی بارهەڵگری شتومەکی سعوودی بە گەرووی بابولمەندەبدا تێپەڕیون، ئەمەش کەمترە لە سێیەکی ئاستی ئاسایی هەفتانەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە. هەروەها رێژەی گواستنەوەی نەوت لەو رێڕەوە ئاوییەوە لە 11ـی ئەیلوولەوە بۆ نزیکەی 3.4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە، لە کاتێکدا لە سەرەتای ساڵەوە تێکڕای رۆژانەی گواستنەوە 4.4 ملیۆن بەرمیل بووە.
هەرچەندە حووسییەکان جەخت دەکەنەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر هاتوچۆی کەشتیوانی لەو رێڕەوە ئاوییەدا نییە جگە لەو کەشتییانەی سەر بە سعوودیە یان هاوپەیمانەکانی ئەون، بەڵام مەترسیی هێرشەکان وای کردووە زۆربەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.




