بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

پیت هێگسێت: ستراتیژیمان بەهێزکردنی سوپا و ئاشتییە لە رێگەی هێزەوە

پیت هێگسێت: ستراتیژیمان بەهێزکردنی سوپا و ئاشتییە لە رێگەی هێزەوە
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان گەرووی هورمز جەنگی ئێران و ئەمریکا

 وەزیری جەنگی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەرکی سەرەکیی ئەمەریکا بریتییە لە رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگ، بەشداریکردن تێیدا، و تێکشکاندن و لەناوبردنی دوژمنەکانی، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لەپێناو بەدەستهێنانی سەرکەوتندا دەجەنگێت.

شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، پەرەپێدەرە ئەمەریکییەکان سەرقاڵی دروستکردنی کەشتیی بێسەرنشین، سیستمی خۆکار، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی سەرووی خێرایی دەنگن (هایپەرسۆنیک)، روونیشیکردەوە ئەم کەرەستە پێشکەوتووانە سەرلەنوێ چەمکی بەرپەرچدانەوەی سەردەمیانە لە جیهاندا دادەڕێژنەوە.

وەزیری جەنگی ئەمەریکا باسی لە دۆکتۆرینی سەربازیی وڵاتەکەشی کرد و گوتی: دیدگا و دۆکتۆرینی ئەمەریکا تەواو روونە، ئەویش 'ئەمەریکا لەپێشینەیە و ئاشتی لە رێگەی هێزەوە بەدەست دێت'. راشیگەیاند کە واشنتن کار بۆ چەسپاندنی ئەم دیدگایە دەکات لە رێگەی دووبارە بنیاتنانەوەی سوپا و پتەوکردنی توانای بەرپەرچدانەوە لە نێوخۆی وڵات و سەرانسەری جیهاندا.

ئەم قسانەی وەزیری جەنگی ئەمریکا لە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە هۆکاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە تاران کرد و رایگەیاند کە هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەبوو، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیک ببووەوە.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری "(B-2)"هێرشیان نەکردایەتە سەر دامەزراوەکانی ئێران، تاران تەنیا چەند رۆژێکی مابوو بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، بەڵام ئێستا ئەمریکا بە تەواوی رێگری لەو هەڕەشەیە کردووە و ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

سەرۆکی ئەمریکا دانیناو بەوەی کە جەنگەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکا، بەڵام جەختی کردەوە ئەگەر لە نێوان دابەزینی نرخی بەنزین و دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێراندا راپرسی بکرێت، زۆرینەی رەهای خەڵک رێگری لە ئەتۆمیبوونی تاران هەڵدەبژێرن.

ترەمپ مژدەی بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دا کە سوپای ئەمریکا جەنگەکە زۆر بە ئاسانی دەباتەوە و لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا کۆتایی پێدەهێنێت، لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕەکەشدا، نرخی بەنزین و سووتەمەنی بە شێوەیەکی خێرا دادەبەزێتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ و تەنانەت لەوەش کەمتر.

 
 
کاروان شوانی ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان