بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

رەزایی: چاوەڕوانی وەڵامی ترەمپین بۆ وەستاندنی جەنگ

رەزایی: چاوەڕوانی وەڵامی ترەمپین بۆ وەستاندنی جەنگ
سیاسی
ئێران جەنگی ئێران و ئەمریکا

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، لە رێگەی قەتەرەوە سێ مەرجی سەرەکیی تاران بۆ راگرتنی جەنگ گەیشتووەتە دەست دۆناڵد ترەمپ و چاوەڕوانی وەڵامن، هاوکات هۆشداری دا کە کردەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رەنگە وڵاتەکەی بەرەو کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی ببات.

شەممە 19ی ئەیلوولی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلجەزیرە"رایگەیاند راوێژ و گفتوگۆکانیان لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری و پاکستانی بەردەوامە و تاران مەرجە بنەڕەتییەکانی خۆی بۆ دانوستاندن و کۆتاییهێنان بە شەڕ پێڕاگەیاندوون.

رەزایی روونی کردەوە کە لایەنی قەتەری وەک نێوەندگیر تەواوی مەرجەکانی ئێرانی بە واشنتن گەیاندووە تا جەنگ رابگیرێت، و ئێستا تاران چاوەڕوانی وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە؛ ئاشکراشی کرد، مەرجەکانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێکهاتوون لە راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوە، لەگەڵ هەڵگرتنی تەواوەتیی گەمارۆی دەریایی لەسەر کەشتیوانی و بەندەرەکانیان.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاوە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ماف بە تاران دەدەن کە بڕیاری کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بدات.

موحسین رەزایی باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی هێشتا بڕیاری فەرمیی بۆ دەرچوون لە پەیماننامەکە نەداوە و ئەم پرسە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە رەفتاری داهاتووی واشنتنەوە، هاوکات جەختیشی کردەوە، ئێران هێشتا پابەندە بە فەتوای ئایینیی رابەری کۆچکردووی شۆڕش لە دژی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و دۆکتۆرینی ئەتۆمیی خۆی نەگۆڕیوە، بەڵام نادیارە لە ئایندەدا چ گۆڕانکارییەک روودەدات.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، رەزایی رایگەیاند هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە تەواو هەڵەن و لە بەرژەوەندیی واشنتندایە مەرجەکانی تاران قبووڵ بکات، چونکە هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بێسوود دەبن.

دووپاتی کردەوە سوپای وڵاتەکەی بۆ جەنگێکی چارەنووسساز ئامادەیە و خاڵە لاوازەکانی هێزەکانی ئەمریکا دەزانێت، و لە ئەگەری هەر هێرشێکدا سەرجەم بنکە و بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج.

سەبارەت بە جەنگی یەمەنیش، موحسین رەزایی رایگەیاند، ئێران خوازیاری کۆتاییهاتنی جەنگە لە نێوان سعوودیە و یەمەنە، و باوەڕی وایە کە یەمەنییەکانیش بە هەمان شێوە دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن و چارەسەر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ریازدا.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان