کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، بەشداری لە کۆنسێرتێکی تایبەت بە پەنابەران کرد، کە کۆنسێرتەکە بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی و پێکەوەژیان و پیشاندانی رووی مرۆڤانەی پەنابەران لە رێگەی مۆسیقا لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەچوو.
هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بەـی راگەیاند، "ئەم فێستیڤاڵە لە شارە جیاوازەکانی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، چوار ئۆرکێسترا لە یەکدی کۆدەکاتەوە و بە بەشداری هونەرمەندان و مۆسیقاژەنانی نەتەوە و کولتوورە جۆراوجۆرەکان، مۆسیقا وەک زمانێکی هاوبەش بۆ پەیوەندیکردن لەنێوان مرۆڤەکان بەکاردەهێنرێت."
کاروان حەلاق سەبارەت بە کۆنسێرتەکە گوتی، "لە بەشێک لە چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە، ئۆرکێسترای کەجیک کولتوور، ئۆرکێسترای فەنفاڕە، ئۆرکێسترای ئارتبن میوزیک و ئۆرکێسترای کۆور دونیا بەشداری دەکەن و مۆسیقاژەنانی هۆڵەندی و منیش وەک هونەرمەندێکی کورد و ژەنیارانی نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکانیش لە پرۆگرامەکانی فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن."
سەبارەت بە ناوەڕۆکی سەرەکیی کۆنسێرتەکە، کاروان حەلاق دەڵێت، "ناوەڕۆکی سەرەکیی ئەم فێستیڤاڵە تەنیا پێشکەشکردنی مۆسیقا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گۆڕینی ئەو وێنەیەی کە لەسەر پەنابەران دروست بووە و پیشاندانی لایەنێکی مرۆیی و جوانی ژیانیانە و فێستیڤاڵەکە دەیەوێت بە رێگەی هونەر و مۆسیقا ئەو پەیامە بگەیەنێت، پەنابەران تەنیا کەسانێک نین کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر رۆیشتوون، بەڵکو مرۆڤن کە خەون و ئارەزوو و هەستی مرۆڤانەیان هەیە، حەزیان لە ژیان، جوانی، گوڵ و مۆسیقا هەیە و وەک هەر مرۆڤێکی دیکەش دەتوانن خۆشی و جوانی لە ژیاندا ببینن."
ئەو هونەرمەندە ئەوەشی روونکردەوە، "بەشداری من لەم پڕۆژە هونەرییە زۆر گرنگە، چونکە مۆسیقا دەتوانێت سنوورە نەتەوەیی و زمانییەکان تێپەڕێنێت و مرۆڤەکان لەسەر بنەمای هەستی هاوبەش کۆبکاتەوە. هەروەها مۆسیقا وەک بوونەوەرێکی نەرم و بێباڵ وایە، خۆی دەنگە، بەڵام دەتوانێت بگاتە هەموو کوچە و کۆڵان و شار و وڵاتێک و پەیامی خۆشەویستی و پاکی و روحێکی مرۆڤانە بگەیەنێت. مۆسیقا زمانێکە کە پێویستی بە وەرگێڕان نییە، چونکە دەتوانێت بە راستەوخۆیی هەست و سۆزی مرۆڤ بگەیەنێت."
سەبارەت بە گرنگیی فێستیڤاڵەکە، کاروان حەلاق گوتی، "ئەم فێستیڤاڵە هەوڵ دەدات لە رێگەی مۆسیقاوە لە ناخی پاک و لایەنی جوانی ژیانی پەنابەران تێبگات و ئەو رووەیان پیشانی کۆمەڵگە بدات کە زۆرجار لە دوورەوە نادیارە. خۆم نزیکەی 20 ساڵە لە دەرەوەی وڵات دەژیم و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەردەوام لە بواری مۆسیقا و هونەر چالاک بووم و لە کەرنەڤاڵ و فێستیڤاڵ و کۆنسێرتە جۆراوجۆرەکانی هۆڵەندا بەشداریم کردووە و یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانیشم لە تاراوگە، پاراستن و ناساندنی کولتووری کوردی بووە."
کاروان حەلاق جەختی لەوەش کردەوە، "هەموو کارە هونەرییەکانم هەوڵێکن بۆ ئەوەی رەنگ و بۆنی کولتووری کوردی لە دەرەوەی کوردستاندا بەردەوام بێت. من بە شانازییەوە لە زۆربەی بۆنە و فێستیڤاڵەکاندا بە جل و بەرگی کوردی بەشداری دەکەم، چونکە باوەڕم وایە هونەرمەند لە تاراوگە تەنیا نمایشی خۆی ناکات، بەڵکو دەتوانێت کولتوور و ناسنامەی گەلەکەشی بناسێنێت."
ئەو هونەرمەندە باس لە ئەرکی هونەرمەندان لە تاراوگە دەکات و دەڵێت، "ئەرکی من و هەموو ئەو کەسانەی لە تاراوگەن ئەوەیە لە نێوان میلەت و کولتوورە جیاوازەکانی جیهاندا زمانی خۆیان، جل و بەرگی خۆیان و کولتووری خۆیان بناسێنن و بە کار و هونەرەکانیان بە جیهان بڵێن کە گەلی کورد بوونی هەیە و بەشێکە لە جیهانی جۆراوجۆری کولتووری. من تا ئێستا توانیومە لە رێگەی مۆسیقا و بەشدارییە هونەرییەکانم لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا، بەشێک لە رووی جوان و مرۆڤانەی کولتووری کوردی بە خەڵکی نەتەوە جیاوازەکانی دەوروبەرم بناسێنم."
کاروان حەلاق رایگەیاند، "پەیامی فێستیڤاڵەکە لە سنووری مۆسیقا تێدەپەڕێت، مۆسیقا لێرە وەک ئامرازێک بۆ گفتوگۆی کولتوورەکان و نزیککردنەوەی مرۆڤەکان بەکاردێت، بۆ ئەوەی ئەو راستییە پیشان بدرێت کە لە پشت ناوی پەنابەرەوە، مرۆڤێک هەیە بە خەون و ئارەزوو و خۆشەویستی و هەستی مرۆڤانە، مرۆڤێک کە دەتوانێت لە گوڵ و مۆسیقا و جوانی ژیاندا خۆشی ببینێت و بە هونەر پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان بگەیەنێت."
کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، خەڵکی کەرکووکە و دانیشتووی هۆڵەندایە. لە دەرەوەی بەشداری چەندان فێستیڤاڵی هونەری کولتوورە جیاوازەکانی کردووە.




