وەرزی نوێی خوێندنی 2026-2027 دەست پێدەکات و حکوومەتیش کۆمەڵێک داتا و زانیاریی نوێی لەبارەی قوتابیان، پرۆگرامەکان و ژێرخانی پەروەردەیی خستەڕوو.
بڕیارە سبەی یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، یەکەم زەنگی دەستپێکردنەوەی خوێندن بۆ ساڵی 2026-2027 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە لێبدرێت.
ئامارەکانی تایبەت بە ساڵی نوێی خوێندن:
- ژمارەی قوتابی: زیاتر لە یەک ملیۆن و 750 هەزار قوتابی دەست بە خوێندن دەکەنەوە.
- ژمارەی قوتابخانە: حەوت هەزار و 590 قوتابخانە پێشوازی لە قوتابییان دەکەن.
- قوتابیی نوێ: زیاتر لە 123 هەزار قوتابی نوێ دەچنە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی.
- پەرتووکی چاپکراو: نزیکەی 19 ملیۆن پەرتووکی نوێ ئامادە کراون.
- مامۆستا و فەرمانبەران: 137 هەزار و 516 مامۆستا و 31 هەزار و 219 فەرمانبەر سەرپەرشتیی پرۆسەی خوێندن دەکەن.
سەبارەت بە پرۆگرامەکانی خوێندن، گۆڕانکاری لە 110 پەرتووک و پرۆگرامی خوێندندا کراوە و سەرجەم گۆڕانکارییەکانیش لە لایەن شارەزایان و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردەوە ئامادە کراون. گۆڕانکارییەکان بریتین لە پەرتووکی کوردیی پۆلی شەشی بنەڕەتی، زانستەکانی پۆلەکانی شەش، هەشت و نۆی بنەڕەتی، بیرکاریی پۆلەکانی چوار، پێنج، شەشی بنەڕەتی و 11ـی ئامادەیی، کیمیای پۆلی 11 و تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ پۆلەکانی حەوت و هەشت، لەگەڵ چەندین گۆڕانکاریی دیکە.
لە بارەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکان لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، داتاکان بەم شێوەیەن:
- دروستکردنی 236 قوتابخانە و باخچەی ساوایانی نوێ.
- زیادکردنی 476 پۆلی نوێ لەنێو قوتابخانەکاندا.
- نۆژەنکردنەوەی دوو هەزار و 650 قوتابخانە.
پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە سێکتەرە هەرە گرنگەکان و ساڵانە زۆرترین سەرنجی حکوومەت و کۆمەڵگەی لەسەرە. لێدانی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە، نەریتێکی ساڵانەیە. هەروەها گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندندا، بەشێکە لە ستراتیژیی وەزارەتی پەروەردە بۆ گونجاندنی سیستمی فێرکردن لەگەڵ پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی سەردەمدا، تاوەکوو قوتابیانی هەرێمی کوردستان بتوانن لە رووی زانستییەوە کێبڕکێی ئاستە جیهانییەکان بکەن و باشترین ئاستی فێرکارییان پێشکەش بکرێت.




