گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند؛ پەڕاوی تۆمەتبارکردن بۆ 159 بەرپرسی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل دەرکراوە، ئەوەش لەسەر دۆسیەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، عەلی کازمی، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانی ئاشکرایکردووە، ئەو 159 کەسە لە گەورە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلن و رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بوونەتەوە، کە 92 کەسیان ئەمریکی و 67 کەسیان ئیسرائیلین. ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، پەڕاوی تۆمەتبارکردنیان بۆ دەرکراوە و دۆسیەکەیان رەوانەی دادگا کراوە.
گوتەبێژەکەی دەسەڵاتی دادوەری گوتیشی؛ یەکێک لەو سکاڵایانەی لە دادگاکانی تاراندا کاری لەسەر دەکرێت، سکاڵایەکی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی ئێرانە کە داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوی و سزادان دەکەن. ئەو روونیکردەوە، دوای سەلماندنی تایبەتمەندیی دادگای ئێران بۆ بینینی دۆسیەکە، بەمزووانە کاتی دانیشتنی دادگا دیاری دەکرێت.
سەبارەت بە دۆسیەی کوژرانی فەرماندە سەربازییەکانی ئێران، کازمی رایگەیاند، دۆسیەی یاسایی بۆ 19 فەرماندە کراوەتەوە و رێکارەکانی لێکۆڵینەوە بە دەرکردنی پەڕاوی تۆمەت بۆ 97 بەرپرسی ئەمریکی و ئیسرائیلی کۆتاییان هاتووە، کە 74یان ئەمریکی و 23یان ئیسرائیلین.
هاوکات کازمی ئاماژەی بە کردنەوەی دۆسیەیەک سەبارەت بە کوژرانی عەلی لاریجانی و مورتەزا لاریجانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی نووسینگەکانیان کرد و روونیکردەوە، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان و دەرکردنی پەڕاوی تۆمەت، دۆسیەکە بەمزووانە رەوانەی دادگا دەکرێت.
لە کۆتاییدا، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئاشکرایکرد، نزیکەی 400 سکاڵای یاسایی لە دادگاکانی ئێران لە چوارچێوەی داواکارییە یاساییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا تۆمار کراون، کە تەنیا یەکێک لە دۆسیەکان زیاتر لە 350 هەزار سکاڵاکاری هەیە. ئامانج لەم رێکارانە بە بەڵگەنامەکردنی ئیدیعاکان و دەرکردنی بڕیارە بەپشتبەستن بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان، بەمەبەستی رێگەخۆشکردن بۆ بەدواداچوونی داواکارییە یاساییەکان لە ناوخۆی ئێران و لە کاتی پێویستیشدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاری لەسەر دەکرێت.




