بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئەمریکا ناردنی دۆلاری کاش بۆ عێراق کەم دەکاتەوە

ئەمریکا ناردنی دۆلاری کاش بۆ عێراق کەم دەکاتەوە
سیاسی
کوردستان

ئەمڕۆ دیناری عێراق بەهای زیاتری بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لەدەستداوە. ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، هۆکاری ئەم دابەزینەی بەهای دینار بۆ کەمبوونەوەی گەڕانەوەی دۆلار بۆ بازاڕەکانی عێراق، کەمکردنەوەی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی و ئەو مەترسییانە دەگەڕێنێتەوە کە پەیوەستن بە چەکدانانی گروپە چەکدارەکان.

لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی نزیکەی 10 هەزار دینار زیادی کردووە.

دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بەـی راگەیاند، 6ـی ئابی ئەمساڵ دواین جار بوو کە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا 500 ملیۆن دۆلاری کاشی بۆ بانکی ناوەندیی عێراق ناردووە. ئەو گوژمە داراییە بۆ دابینکردنی مووچە، گەشتیاری و حەواڵەی دەرەکی بەکارهاتووە و بڕێکی کەمی ماوەتەوە.

عەبدولغەفار جەختیکردەوە، تا 30ـی ئەیلوول ئەگەر گرووپە چەکدارەکان چەک دانەنێن، مەترسی ئەوە هەیە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بە ئاسانی دۆلار بۆ عێراق رەوانە نەکات.

ئەحمەد جاف، شارەزای ئابووری سەبارەت بە دۆخەکە دەڵێت، ئەمریکا بە راشکاوی رایگەیاندووە هەر وڵاتێک هاوکاری ئێران بکات سزای ئابووری بەسەردا دەسەپێنێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر هۆکاری گرانبوونی دۆلار لە عێراق.

جاف روونیکردەوە، هەبوونی دوو گرووپ لە بەرەی موقاوەمە کە رەتی دەکەنەوە چەک رادەست بکەن، مەترسی بۆ سەر بازاڕ دروستکردووە. عەلی زەیدی بۆ چارەسەری ئەو دۆخە لە دوو رۆژی داهاتوودا سەردانی ئەمریکا دەکات و ئەگەر رێککەوتنی ئەمنی واژۆ بکرێت، پێشبینی دەکرێت بەهای دۆلار دابەزێت.

شڵەژانی دۆخی ئابووریی عێراق پەیوەستە بە سەقامگیریی ئەمنی و سیاسییەوە. بەو هۆیەوە پێشبینی دەکرێت تا یەک مانگی داهاتوو و یەکلاکردنەوەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان، بازاڕەکانی دراو لە عێراق بە ناجێگیری بمێننەوە.

 
 
شڤان جەباری ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان