بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

لە سلێمانی سیستەمی تاک و جووت بۆ بەنزینی 750 دیناری جێبەجێ دەکرێت

لە سلێمانی سیستەمی تاک و جووت بۆ بەنزینی 750 دیناری جێبەجێ دەکرێت
گشتی
کوردستان سلێمانی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی سلێمانی، کۆبوونەوەیەکیان بۆ رێکخستنەوەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی بە نرخی 750 دینار کرد.

هاوژین جەمال، پەیامنێری رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەرەباڵخیی نۆرەی بەنزین بووە و لەو چوارچێوەیەدا پێشنیازی دابەشکردنی بەنزین بە سیستەمی تاک و جووت خراوەتە روو.

ئەمڕۆ شەممە، یەکەم رۆژی جێبەجێکردنی سیستەمەکەیە. لەو 16 بەنزینخانەیەی بۆ دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری تەرخانکراون، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کۆتا ژمارەی تابلۆکانیان تاکە دەتوانن بەنزین وەربگرن، هاوکات سبەی یەکشەممە سیستەمەکە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەبێت کە کۆتا ژمارەیان جووتە.

بۆ دڵنیابوون لە کاریگەریی ئەم هەنگاوە لە کەمکردنەوەی قەرەباڵخی، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان چاودێریی پڕۆسەکە دەکات. لە هەر بەنزینخانەیەکیش کارمەندێک تەرخانکراوە تا رێگری لە هەر ئۆتۆمبێلێک بکات کە بەپێی ریزبەندیی دیاریکراو نەبێت.

هەر بەنزینخانەیەک رۆژانە بڕی 25 هەزار لیتر بەنزینی پێدەگات و پشکی هەر ئۆتۆمبێلێکیش 40 لیتر دیاریکراوە. لە کۆی ئەو 16 بەنزینخانەیە، بەنزینخانەی دایک تایبەت کراوە بە ئافرەتان، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا سیستەمی تاک و جووت لەوێش جێبەجێ دەکرێت یان نا. هەروەها بەنزینخانەی پێشەوا تەرخان کراوە بۆ پاسەکان و هەمان رێکاریان بۆ جێبەجێ دەکرێت.

ئەم سیستەمە بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت و لە ئەگەری کەمبوونەوەی قەرەباڵخی و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، بەردەوام دەبێت تا کۆتاییهاتنی قەیرانی بەنزین.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان