بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

کچێکی رۆژهەڵات مێژووی جلوبەرگی کوردی زیندوو دەکاتەوە

کچێکی رۆژهەڵات مێژووی جلوبەرگی کوردی زیندوو دەکاتەوە
كولتوور
جیهان جلوبەرگی کوردی

لانە زانا، دیزاینەرێکی کوردە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و ئێستا لە وڵاتانی رۆژئاوا گەورە بووە. سەرەڕای دووری لە وڵات، بە شێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر نوێکردنەوە و دیزاینی جلوبەرگی کۆنی کوردی دەکات. ئەو لە کارەکانیدا پشت بە ئەرشیفی وێنە کۆنەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەبەستێت بۆ ئەوەی بە هەمان ستایلی سەردەمی خۆیان دیزاینەکان زیندوو بکاتەوە.

لانە زانا بە دەڵێت: "تەمەنم 20 ساڵە و ماوەی سێ ساڵە سەرقاڵی کارکردنم لەسەر یەکەم کۆکراوەی کارەکانم. کولتوور و جلوبەرگی کوردی بەشێکی گرنگی ژیانمە و ئەم هەستە لای من هەمیشە هەبووە، نەک بابەتێک بێت بە رێککەوت دۆزیبێتمەوە".

ئەم دیزاینەرە پێی وایە پاراستنی رەسەنایەتیی پارچە کولتوورییەکان لە پێشینەی کارەکانیدایە، چونکە بە بڕوای ئەو، دوورینی جلوبەرگی نوێ بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژوو، دەبێتە هۆی ونبوونی بەها مێژووییەکان. لانە روونیکردەوە، وێنە رەش و سپییە کۆنەکانی خەڵکی کورد وەک سەرچاوەی ئیلهام بەکاردەهێنێت و هەوڵدەدات روحیەتی کۆن لە دیزاینەکانیدا زیندوو بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک دەستکاری بۆ گونجاندنیان ئەنجام دەدات.

سەبارەت بە دیدگای بۆ جیهانیبوونی پۆشاکی کوردی، لانە زانا پێی وایە پاراستنی کولتوور لە پێشترە، چونکە گشتاندنی جلوبەرگ بۆ ئەوەی ببێتە براندێکی جیهانی، دەبێتە هۆی ئەوەی گۆڕانکاری بەسەر رەسەنایەتییەکەیدا بێت. ئەو روونیکردەوە، مەبەستی ئەوە نییە خەڵکی غەیرە کورد پۆشاکی کوردی نەپۆشن، بەڵکو دەیەوێت تایبەتمەندییەکەی بپارێزێت.

کۆکراوەی کارەکانی ئەو دیزاینەرە ناوی "دونادونا"یە، کە لە ئایینی یارسانییەوە وەرگیراوە و بە واتای لەدایکبوونەوە دێت. ئەو دەڵێت: "لەو کۆکراوەیەدا هەوڵمداوە ئەو پۆشاکە کوردییانە بدوورم کە ئێستا ناپۆشرێن. کۆکراوەکەم لە 42 دیزاین پێکدێت کە بەشێکیان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە وەرگیراون و بەشێکی دیکەشیان دیزاینی ئاسایین".

لانە زانا لە کۆتایی کارەکانی خۆیدا چەند نموونەیەکی جلوبەرگی کولتووریی ناوچەی ئورمیە و پۆشاکی پیاوانەی نیشانداوە، کە بە وردی لەسەر بنەمای وێنە ئەرشیفییەکان دیزاین کراونەتەوە.

 
 
هەڤرست رەجەب ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان