بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ژمارەی قوربانیانی هێرشەکەی پاکستان بەرزبووەوە

ژمارەی قوربانیانی هێرشەکەی پاکستان بەرزبووەوە
سیاسی
جیهان پاکستان

ئاماری قوربانیانی هێرشە چەکداری و خۆکوژییەکەی سەر بارەگای پۆلیس لە کۆهات لە باکووری پاکستان بۆ 31 کوژراو بەرزبووەوە، کە 16 کەسیان ئەندامی هێزەکانی پۆلیسن.

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێکی پۆلیسی پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاند، لە ئاکامی ئەو هێرشەدا زیاتر لە 100 کەسی دیکە برینداربوون. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکە هێشتا کۆتاییان نەهاتووە.

هێرشەکە پاشنیوەڕۆی هەینی کراوەتە سەر بارەگای سەرەکیی پۆلیسی ناوچەکە لە کۆهات لە هەرێمی خەیبەر پختونخوا. ئەو کۆمەڵگەیە چەندین فەرمانگەی هەستیاری لەخۆ دەگرێت، لەوانە بەڕێوەبەرایەتیی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەند یەکەیەکی تایبەتی پۆلیس.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام ئەو ناوچەیە زۆرجار دەبێتە ئامانجی هێرشەکانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پۆلیس، بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، ژمارەیەک هێرشبەر لەناو لقی تایبەتی پۆلیسی کۆهاتدا خۆیان حەشارداوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە درەنگانی شەوی رابردووەوە ئاڵوگۆڕی تەقەکردن لەنێوان چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە.

ئاسف عەلی زەرداری، سەرۆکی پاکستان، نیگەرانیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی قوربانیان دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست. زەرداری جەختیکردەوە، بنەبڕکردنی یەکجاریی تیرۆریستان و ئەو لایەنانەی لە دەرەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، بۆ ئاسایشی نیشتمانیی پاکستان گرنگیی یەکلاکەرەوەی هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە پاکستان زۆرجار گروپە توندڕەوەکان تۆمەتبار دەکات بە هێرشکردن لە هەرێمەکانی خەیبەر پختونخوا و بەلوچستان و پێی وایە ئەو گرووپانە لە ئەفغانستان جێگیربوون. حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.

ئەو تۆمەتبارکردنانە گرژیی توند و پێکدادانی چەکداریی لەنێوان هەردوو وڵاتدا لێکەوتووەتەوە. پاکستان پێشتر بە بیانووی بەئامانجگرتنی چەکدارەکان چەند هێرشێکی ئاسمانی کردبووە سەر خاکی ئەفغانستان، بەڵام حکوومەتی کابول و نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاندبوو، لەو هێرشانەی مانگی حوزەیراندا دەیان هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون.

 

 
 
 
لاڤین عومەر ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان