زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە ریازی پایتەختی سعوودیە لێدرا و دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیسترا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەرگریی شارستانیی سعوودیە و پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەندین جار هۆشداریی هەڕەشەی ئاسمانی بۆ سەر شاری ریاز و ناوچەکانی دیکەی سعوودیە راگەیەندراوە. لە کاتژمێر 3:00 بۆ 5:19ـی بەیانی، هاووڵاتییان لە رێگەی کورتەنامەوە لە هێرشێکی ئاسمانیی دوژمن ئاگادارکرانەوە.
پاش ماوەیەک، دەسەڵاتداران زانینی مەترسییەکەیان لەسەر ریاز و پارێزگای خەرج راگەیاند، بەڵام هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییان، لە شوێنی کەوتنی پاشماوەی مووشەک و درۆنەکان دووربکەونەوە و دەست بۆ هیچ تەنێکی نامۆ نەبەن. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنێکی حووسییەکان لە پارێزگای تائیف، کەسێک کوژرا و دووانی دیکەش برینداربوون کە باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
هەروەها هۆشداریی هاوشێوە لە عەلای باکوورەوە تاوەکو خەمیس مشەیت و جازان لە باشوور دەرکراون.هەفتەی رابردوو، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە، حووسییەکانی بە هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی شاری مەککە تۆمەتبار کرد، بەڵام حووسییەکان ئەمەیان بە "درۆیەکی بێ بنەما"ناوبرد. لە بەرامبەردا، حووسییەکان رایانگەیاند؛ فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە لە ماوەی 24 کاتژمێردا 26 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پارێزگای تەعز ئەنجامداوە.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە ئاڵۆزە و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، ئەمریکا رەزامەندیی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی نەوەی پێنجەم لە جۆری (F-35) بە سعوودیە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە توانای بەرگریی سعوودیە و ئاستی هەماهەنگیی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا بەرزتر دەکاتەوە.کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە گەیشتووەتە سەر ئابووریی جیهانی و کەرتی وزە. پاش ئەوەی حووسییەکان کۆنترۆڵی تەواوی کەناراوەکانی دەریای سوور و گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەبیان کرد، هەناردەکردنی نەوتی سعوودیە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە؛ بەتایبەتی کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە گەرووی هورمز بەهۆی ململانێکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانەوە بە کردەیی داخراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای 'کێپلەر' بۆ چاودێریی هاتوچۆی دەریایی، لە حەوت رۆژی رابردوودا تەنیا پێنج کەشتیی هەڵگری کاڵای سعوودیە لە بابولمەندەبەوە تێپەڕیون، کە دەکاتە کەمتر لە سێیەکی قەبارەی هاتوچۆی ئاسایی.ململانێکانی یەمەن کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان پێکردووە، پاش ئاگربەستە نیمچەییەکەی 2022، لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە پێی ناوەتە قۆناخێکی سەختترەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، تەنیا لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە، زیاتر لە 112 هەزار کەس لە ناوخۆی یەمەن ئاوارە بوون، و سێ هەزار کەسی دیکەش لە ترسی جەنگەکە لەرێگەی دەریای سوورەوە بەرەو وڵاتی جیبووتی هەڵاتوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە ناوچەکەدا.




