دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتن بە رێککەوتنێکی لەگەڵ دانیمارک و گرینلاند راگەیاند، کە کۆنترۆڵی هەمیشەیی بەسەر کاروباری ئەمنی و سەرجەم پێداویستییەکانی دیکەی ئەو دوورگە جەمسەرییەدا دەبەخشێتە واشنتن.
شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ئاشکرای کرد، بەپێی ئەم رێککەوتنە، هیچ کام لە نەیارانی ئەمریکا ناتوانن بەبێ رەزامەندیی واشنتن وەبەرهێنانی هەستیار لە دوورگەکەدا بکەن، هەروەها رایگەیاند، رێککەوتننامەکە هیچ وادەیەکی بەسەرچوونی بۆ دانەنراوە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "لەسەر بنەمای رێنماییەکانی من، لەگەڵ نوێنەرانی دانیمارک و گرینلاند کارمان کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی ئەمریکا بۆ هەمیشە توانای تەواوی هەبێت هەر کارێک پێویست بێت لە گرینلاند بکات، لە پێناو مسۆگەرکردنی ئاسایش و بەرگریکردن لە گرینلاند و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "بەڵام، لەمەودوا هیچ کام لە نەیارانی ئەمریکا هەرگیز ناتوانن بەبێ رەزامەندیی روون و نووسراوی ئێمە، بنکەی سەربازی لە گرینلاند دابمەزرێنن، یان بوونی سەربازییان هەبێت، یاخود دەست بۆ وەبەرهێنانی هەستیار ببەن."
پێش بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامە، ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"بڵاویکردەوە، واشنتن و گرینلاند لە لێواری واژۆکردنی رێککەوتنێکن لەبارەی دوورگەکە کە دەبێتە هۆی فراوانکردنی بوونی سەربازیی ئەمریکا، بەڵام ئەم هەنگاوە هێشتا بە دوور دەبینرێت لە خەونی لەمێژینەی ترەمپ بۆ خستنەژێردەستی تەواوەتیی دوورگەکە بۆ سەر خاکی ئەمریکا.
ترەمپ چەندان جار پێداگریی لەسەر گرنگیی ستراتیژیی گرینلاند بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و بوونی سامانی دەوڵەمەندی کانزایی، هەروەها لە رابردوودا بەکارهێنانی بژاردەی سەربازیشی بۆ کۆنترۆڵکردنی، بە دوور نەزانیبوو.




