دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، تەلئەڤیڤ ناڕەزایەتی خۆی نیشانداوە بەرامبەر بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری F-35 بە شانشینی عەرەبیی سعوودیە.
هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ناوەند و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دژی هەر هەنگاوێکن کە زیان بە باڵادەستیی چۆنایەتی و ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەیەنێت، و لەو باوەڕەدان پێدانی ئەم جۆرە فڕۆکە پێشکەوتووانە بە ریاز لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی لەو شێوەیە، هاوکات راپۆرتەکە رایگەیاندووە، سەرەڕای هەبوونی ئەو ناڕەزایەتییە، ئیسرائیل تاوەکو ئێستا لەسەر ئەم پرسە بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندیی سەرەتایی دەربڕیوە لەسەر ئەگەری فرۆشتنی گرێبەستێکی گەورەی سەربازی بە سعوودیە، کە فڕۆکەی شەڕکەری هێرشبەری پێشکەوتووی جۆری "ئێف-35 لایتنینگ 2"و کەلوپەلی سەربازیی پەیوەندیدار لەخۆدەگرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، بەهای خەمڵێنراوی ئەم گرێبەستە پێشنیازکراوە دەگاتە نزیکەی 24.3 ملیار دۆلار، و جەختیشیکردووەتەوە، فرۆشتنی ئەم فڕۆکانە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئامادەباشیی بەرگریی خودی ئەمریکا دروستناکات.




