رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا ئاشکرای کرد، دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئێران و چین شانبەشانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئیسرائیل، لە رێگەی بەکارهێنانی مۆدێلە سەرچاوەکراوەکانی زیرەکیی دەستکردی چینی، کۆمەڵێک بریکاری خۆکاریان دروستکردووە کە بەبێ دەستوەردانی مرۆڤ هەزاران هەژماری ساختەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووەتەوە تا ئاراستەی رای گشتی بگۆڕن.
هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نیویۆرک تایمز کە لە زاری بەرپرسانی هەواڵگری و شارەزایانی تەکنۆلۆژیاوە بڵاوکراوەتەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) لە سەرجەم قۆناخەکانی کەمپەینە ساختەکاندا بە سەربەخۆیی بەکارهێنراوە. ئەو دەوڵەت و گرووپانە پەنایان بردووەتە بەر مۆدێلە سەرچاوەکراوەکانی چینی، کە لە دوای دابەزاندنیان سەرجەم بەربەست و رێکارە سەلامەتییەکانیان کوژاندووەتەوە و بەو هۆیەوە بریکاری زیرەکیان لێ بەرهەمهێناون.
ئەم بریکارە خۆکارانە بەبێ پێویستی بە مرۆڤ، بە تۆڕی هەزاران هەژماری ساختەیان لەسەر پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام، تیکتۆک و ئێکس کردووەتەوە و بەردەوام پۆست و کۆمێنتی سیاسی و زانیاریی هەڵەیان لەسەرەکان بڵاوکردووەتەوە تاوەکو ململانێ و دووبەرەکی لە نێو کۆمەڵگەدا دروست بکەن.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کەمپەینەکەی ئێران کە راستەوخۆ لە لایەن دەوڵەتەوە پشتیوانیی لێکراوە، زۆرترین نیگەرانیی لای بەرپرسانی واشنتن دروستکردووە بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەمدا. بریکارە زیرەکەکانی سەر بە تاران لە ناو تۆڕەکاندا خۆیان وەک هاووڵاتیی ئاسایی ئەمریکی لە شارە گەورەکاندا پێشان داوە، و لە رێگەی تاگکردنی رۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانەوە وێنەی کارتۆنی و بۆچوونی دژ بە پارتی کۆمارییان بڵاوکردووەتەوە تا دەنگدەران دابەش بکەن، بە جۆرێک لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 80 هەزار کەس لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکان فۆڵۆوی ئەو هەژمارە ساختانەیان کردبوو بەر لەوەی ئاشکرا بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە دوو کەمپەینی هاوشێوە دۆزراونەتەوە کە لە لایەن کۆمپانیا تایبەتەکانی نێو ئیسرائیلەوە بەڕێوەبراون؛ دیارترینیان لە لایەن کۆمپانیای ئینتێڵ ئای لە تەلئەڤیڤ بووە کە لە لایەن کارمەندانی پێشووی کۆمپانیای سیخوڕیی "ئێن ئێس ئۆ"وە دامەزراوە.
ماۆر سێلێک، هاودامەزرێنەری کۆمپانیاکە لە چاوپێکەوتنێکدا دانی بەوەدا نا کە مۆدێلی چینیی دیپ سیکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەزاران هەژمار بەکارهێناوە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی گشتیی ئیسرائیل و بڵاوکردنەوەی پۆست لە بەرژەوەندی و دژایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەرچەندە بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم هەنگاوەیان تەنیا تاقیکردنەوەیەکی بەرگری بووە بۆ سەلماندنی کەلێنە ئەمنییەکانی ئەو مۆدێلە چینییە.
شارەزایانی پەیمانگەی بروکینگز و توێژەرانی سایبەری هۆشداری دەدەن لەوەی کە جیاوازیی ئەمجارە لەوەدایە کە مۆدێلە کراوەکانی وەک ئەوانەی چین، بە پێچەوانەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک ئۆپن ئەی ئای و ئەنترۆپیک، دەتوانرێت لەسەر سێرڤەری تایبەت دابمەزرێنرێن و هیچ کۆمپانیایەک لە دوورەوە ناتوانێت دایانبخات.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکانی وەک مێتا و تیکتۆک دانیان بەوەدا ناوە کە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە لایەن لایەنە زیانبەخشەکانەوە پێشکەوتنێکی تەکنیکیی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش ترسی لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستکردووە کە لە داهاتوودا هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان بە تەواوی لە لایەن ئەم رۆبۆتە زیرەکانەوە ئاراستە بکرێن.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "سی ئێن ئێن"، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا پلانیان دانابوو پەلاماری کەشتییەکی چینی بدەن، دوای ئەوەی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری ئاماژەی بەوە کردبوو، کەشتییەکە پێکهاتە و کەرەستەی تایبەت بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەگوازێتەوە.بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا تەنیا ماوەیەکی کەم بەر لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە، بۆیان دەرکەوت کە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکە لە ڕێگەی سیستەمی زیرەکیی دەستکردەوە (AI) ئامادەکراوە و تەواوی زانیاری و داتاکانی نێوی ناڕاست و هەڵە بوون، بەمەش ئۆپەراسیۆنەکە دەستبەجێ هەڵوەشێنرایەوە.
ئەمە مەترسیدارە شەپۆلێکی گەورەی نیگەرانیی لە نێو ناوەندە ئەمنییەکانی ئەمریکادا لێکەوتووەتەوە سەبارەت بە لێکەوتە خراپەکانی پشتبەستن بە تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرد لە بواری هەواڵگریی سەربازی و دیاریکردنی ئامانجەکاندا.




