بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

رۆیتەرز: بڕیارە رووسیا و پارتی راستڕەوی ئەڵمانیا کۆببنەوە

رۆیتەرز: بڕیارە رووسیا و پارتی راستڕەوی ئەڵمانیا کۆببنەوە
سیاسی
جیهان

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرای کرد، کیریل دمیتریێڤ، نوێنەری باڵای ئابووریی ڤلادیمیر پووتین و سەرکردەکانی پارتی راستڕەوی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD)"لە ئامادەکاریدان بۆ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازی رووسیا بۆ بەرلین و کاراکردنەوەی هێڵی بۆریی "نۆرد ستریم".

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی رۆیتەرز، گفتوگۆکان دەستیپێکردووە بۆ سازدانی دیدارێک لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوودا لە نێوان کیریل دمیتریێڤ، سەرۆکی سندووقی سەروەریی رووسیا و راوێژکاری نزیکی پووتین، لەگەڵ ئالیس ڤایدڵ و تینۆ کرۆپالا، هاوسەرۆکانی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەنجامدانی ئەم دانیشتنە بەستراوەتەوە بەوەی سەرەتا رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان مۆسکۆ و کێیڤدا واژۆ بکرێت، هاوکات رێکخەرانی دیدارەکە پێشنیازیان کردووە لووتکەکە لە یەکێک لە وڵاتانی ئیمارات، ئیسرائیل یان هیندستان بەڕێوەبچێت، و هیواخوازن نێردەکانی ئەمریکاش وەک جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف بەشداریی تێدا بکەن بۆ تاوتوێکردنی کاراکردنەوەی بۆرییەکانی گازی نۆرد ستریم لە ژێر دەریادا، هەرچەندە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاندووە کە تا ئێستا بە فەرمی لەم کۆبوونەوەیە ئاگادار نەکراونەتەوە.

ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە پارتی راستڕەوی توندڕەوی "AfD"سەرەڕای ئەوەی لە دەسەڵاتدا نییە و پارتەکانی دیکە بایکۆتیان کردووە، بەڵام ئێستا بەهێزترین و جەماوەریترین پارتی ئەڵمانیایە لە دوای سەرکەوتنە گەورەکەی لە هەڵبژاردنی هەرێمیی ساکسۆنیا-ئەنهاڵت.

ئالیس ڤایدڵ لە هەڵوێستەکانیدا بەردەوام داوای کۆتاییهێنان بە بایکۆتکردنی نەوت و گازی رووسیای کردووە و رایگەیاندووە، دەستکەوتنی وزەی هەرزان لە مۆسکۆوە نهێنیی سەرەکیی سەرکەوتنی ئابووری و کەرتی پیشەسازیی ئەڵمانیا بووە، و دەیانەوێت لە رێگەی دابەزاندنی نرخی گازەوە قەیرانی کارگەکان و بارگرانیی سەر هاووڵاتییان چارەسەر بکەن.

لە بەرامبەردا، بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تووڕەییەکی گەورەی لە نێو کایەی سیاسیی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرز، راوێژکاری وڵاتەکە دروستکردووە. میشائیل کێلنەر، پەرلەمانتاری پارتی سەوزەکان هۆشداری دا لەوەی ئەڵمانیا نابێت جارێکی دیکە بکەوێتەوە ژێر رکێفی گازی رووسیا دوای ئەوەی بڕینی گازی مۆسکۆ لە سەردەمی جەنگدا زیانی 50 ملیار یۆرۆی لە وڵاتەکەیان دا، و هەوڵی گەڕانەوەی بۆ نۆرد ستریم بە "خیانەت"ناوبرد کە تیایدا پووتین پارتی راستڕەو بۆ بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ بەکاردەهێنێت.

هاوکات پەرلەمانتارانی پارتی دەسەڵاتداری مەسیحی دیموکرات جەختیان لەوە کردەوە، رووسیا وزە وەک چەکێکی جەنگی لە دژی ئاسایشی ئەوروپا بەکاردەهێنێت و گەڕانەوە بۆ ئەو رێککەوتنانە زیانی گەورە لە پێگەی ئەڵمانیا لە نێو هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا دەدات.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان