بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

وەزیری ناوخۆی تورکیا: دوای چەکدانانی پەکەکە قۆناخێکی شەش مانگی لە پرۆسەی ئاشتیدا دەستپێدەکات

وەزیری ناوخۆی تورکیا: دوای چەکدانانی پەکەکە قۆناخێکی شەش مانگی لە پرۆسەی ئاشتیدا دەستپێدەکات
سیاسی
تورکیا

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، دەستبەجێ دوای تەواوبوونی پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە، وادەیەکی شەش مانگی بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی نوێی پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکات، هاوکات هۆشداری دا کە رێگە بە تێکدانی ئەم پرۆسەیە نادرێت.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، مستەفا چیفتچی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی ئاشتی لە ساڵی 2024ەوە بە هەنگاوەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمار و بە پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بووەتە رێبازێکی فەرمیی دەوڵەت، و دوای پەسەندکردنی یاسای تایبەت لە پەرلەماندا چوارچێوەیەکی یاسایی تۆکمەی وەرگرتووە.

چیفتچی روونی کردەوە کە وەزارەتەکەی بە هاوکاریی پارێزگارەکانی سەرتاسەری وڵات لە نزیکەوە چاودێریی رەوشەکە دەکات تاوەکو رێگری لە هەر هەوڵێک بکرێت کە ئامانجی دروستکردنی ئاستەنگ یان شکستپێهێنانی پرۆسەکە بێت.

سەبارەت بە میکانیزمی هەنگاوە مەیدانییەکان، وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا چەکدانانی پەکەکە پشتڕاست دەکاتەوە، دەستبەجێ بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتدا بڵاودەکرێتەوە. لەو ساتەوە بە فەرمی وادەیەکی جێبەجێکردنی شەش مانگی بۆ "یاسای چوارچێوە"دەستپێدەکات، تاوەکو تەواوی قۆناخەکانی ڕێکخستنەوە و جێبەجێکردنی بەندەکانی ئاشتی بە شێوەیەکی پلانبۆداڕێژراو بچنە بواری کردارەوە.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، مستەفا چیفتچی ئاماژەی بەوە دا، دامەزراوە ئەمنی و دیپلۆماسییەکانی دەوڵەت بەوپەڕی هەماهەنگییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن.

لەو چوارچێوەیەشدا هەریەکە لە وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) لەژێر چەتری ئەنجوومەنی بەدواداچوون و هەماهەنگی بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆماری تورکیا کارەکانیان یەکخستووە، تاوەکو دڵنیاببنەوە لەوەی سەرجەم قۆناخەکان بە شێوازێکی دروست و بەبێ هیچ کەموکوڕییەک بەرەو پێشەوە دەچن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان