بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

لە ئیستانبوڵ هەزار قوتابی داوای خوێندنی کوردی دەکەن

لە ئیستانبوڵ هەزار قوتابی داوای خوێندنی کوردی دەکەن
سیاسی
تورکیا

لە شارۆچکەی ئەسەنیورتی سەربە پارێزگای ئیستانبوڵ، نزیکەی هەزار قوتابی بۆ ساڵی نوێی خوێندن وانەی بژاردەی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا هیچ مامۆستایەکی پسپۆڕی بۆ قوتابخانەکان دەستنیشان نەکردووە، سەرجەم ئەو قوتابییانە لە مافی یاسایی فێربوونی زمانی دایک بێبەش کراون.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، سوبحی ئۆزگەن، پارێزەر لە بزووتنەوەی زمانی کوردی (هەزکورد) رایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 و دوابەدوای کەمپەینەکانی هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە گرنگیی وانەی بژاردەی کوردی، لە شارۆچکەی ئەسەنیورتی ئیستانبوڵ نزیکەی هەزار قوتابی لە قوتابخانە جیاوازەکاندا ناوی خۆیان بۆ خوێندنی ئەم وانەیە تۆمار کرد.

ئاماژەی بەوە دا، ئیدارەی قوتابخانەکانی ئەو ناوچەیەش لەسەر بنەمای داواکاریی خێزانەکان، بە فەرمی داوای دابینکردنی میلاکی مامۆستای زمانی کوردییان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە تا پۆلەکان بکرێنەوە.

نوێنەرەکەی هەزکورد روونی کردەوە، وادەی هەڵبژاردنی وانەکان لە مانگی شوباتی 2026 کۆتایی پێهاتبوو و سەرجەم داواکارییەکانیش بە شێوەیەکی فەرمی بۆ سیستەمی وەزارەتی پەروەردە بەرزکرابوونەوە بۆ دابینکردنی مامۆستا پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ، کەچی سەرەڕای دەستپێکردنی دەوامی فەرمیی ساڵی نوێ، وەزارەت هیچ مامۆستایەکی دانەمەزراندووە.

ئۆزگەن جەختی کردەوە، ئەم دۆخە ئیدارەی قوتابخانەکان و خێزانەکانی لە ئەسەنیورت تووشی کێشە و نیگەرانیی قووڵ کردووە، چونکە رێگری لە جێبەجێکردنی مافێکی یاسایی دەکات کە لە دەستووردا بۆ قوتابییان دەستەبەر کراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزەر سوبحی ئۆزگەن ئاشکرای کرد کە لە 7ـی ئەیلوولەوە بە فەرمی داوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی نیشتمانیی تورکیا کردووە تا راستەوخۆ کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خوێندنی زمانی کوردیی لەگەڵدا تاوتوێ بکەن، بەڵام وەزیر تا ئێستا هیچ وەڵامێکی داواکارییەکەی نەداوەتەوە.

بزووتنەوەی زمانی کوردی داوا لە وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت دەکات کە دەستبەجێ و بەپەلە مامۆستای پێویست بۆ قوتابخانەکانی ئەسەنیورت دابین بکەن تاوەکو ساڵی خوێندن لە دەست نەچێت و قوتابییان لەم مافەیان بێبەش نەبن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان