بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

بۆ یەکەمجار لە تورکیادا نرخی یەک لیتر گازۆیل 100 لیرەی تێپەڕاند

بۆ یەکەمجار لە تورکیادا نرخی یەک لیتر گازۆیل 100 لیرەی تێپەڕاند
سیاسی
تورکیا تورکیا

 بەهۆی شەپۆلێکی نوێی گرانبوونی سوتەمەنی لە تورکیا و باکووری کوردستان، بۆ یەکەمجار لەو وڵاتەدا نرخی لیترێک گازۆیل (مەزۆت) 100 لیرەی تێپەڕاند، ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لەلایەن شۆفێران و خاوەنکارانەوە لێکەوتووەتەوە.

بەپێی دوایین نرخەکان، نرخی یەک لیتر گازۆیل گەیشتە 103 لیرەی تورکی، هاوکات نرخی یەک لیتر بەنزین بۆ 82 لیرە و غازیش بۆ 34.5 لیرە بەرزبووەوە، شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە تێپەڕاندنی بەربەستی 100 لیرە، سۆنگەیەکی مەترسیدارە و کاریگەرییەکی دەروونیی زۆر نەرێنی لەسەر بازاڕ دروست دەکات.

ئەم گرانبوونە راستەوخۆ بژێوی شۆفێرانی تاکسی و هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی گرتووەتەوە. شۆفێران باس لەوە دەکەن چیتر ناتوانن وەک پێشوو کار بکەن و داهاتێکی شایستە بەدەستبهێنن، تەنانەت هۆشداری ئەوە دەدەن کە ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکانیان دەکوژێننەوە و کارەکانیان ڕادەگرن.

فەیسەڵ ئەکدەمیر، شۆفێری تاکسییە، بەـی راگەیاند "ئەگەر ساڵی پار پێیان بگوتینایە گازۆیل دەبێتە 100 لیرە، بڕوامان نەدەکرد. من تەنیا شۆفێرم و تاکسییەکە هی خۆم نییە، رۆژانە ناتوانم پارەیەکی شایستە پەیدا بکەم و بیبەمەوە بۆ ماڵەوە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دەست لە کار هەڵدەگرین و دەچینەوە ماڵەوە، چونکە داهاتەکەمان بەشی خەرجی و زیانەکانیش ناکات".

لەلایەکی دیکەوە، بازرگان و پیشەسازکاران جەخت دەکەنەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر کەرتی بەرهەمهێنان دروست دەکات، بەتایبەت لەو ناوچانەی لە بەندەرە دەریاییەکانەوە دوورن.

شێخموس ئەکباش، سەرۆکی کۆمەڵەی جیهانی کاری دیاربەکر دەربارەی ئەم بابەتە رایگەیاند "بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی تێچووەکان زیاد دەکات و ئەمەش زیان بە بەرهەمی کارگەکان دەگەیەنێت، شاری دیاربەکر لەبەر ئەوەی لە بەندەرە دەریاییەکانەوە دوورە و سەرجەم پێداویستی و خواردەمەنییەکان لە ڕێگەی گواستنەوەی وشکانییەوە دەگەنە شارەکە، بە بەراورد بە شارە کەناراوەکان زەرەرمەندی سەرەکیی ئەم قەیرانەیە".

بەپێی بەدواداچوونە ئابوورییەکان، تەنیا لە دوای 1ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، نرخی بەنزین بە ڕێژەی 51%، گازۆیل بە ڕێژەی 84% و غازیش بە ڕێژەی 22% بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە. بە گوتەی شارەزایان، ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، لە زۆرێک لە سێکتەرەکاندا پرۆسەی بازرگانی و بەرهەمهێنان لە لێواری وەستان نزیک دەبێتەوە.

 
ماهر یوکسەل ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان