مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە میانەی بەشداریکردنی لە مانۆڕێکی سەربازی لە تاران رایگەیاند، پاراستنی شکۆ و سەربەرزیی وڵات پێویستی بە یەکڕیزی و هاوسۆزیی سەرجەم ئێرانییەکانە، جەختیشی کردەوە کە تەبایی ناوخۆیی دوژمنان بێهیوا دەکات.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا"ـی ئێرانی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، لەژێر دروشمی "لبیک یا خامنەیی"و بە بەشداریی چین و توێژە جیاوازەکان، مانۆڕێکی بەرفراوان لە تاران بەڕێوەچوو، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بەشدار بوو و لە نێو ئامادەبوواندا ستایشی هاوسۆزی، یەکڕیزی و تەبایی و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد.
لە پەراوێزی مانۆڕەکەدا، مەسعود پزیشکیان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان جەختی لە گرنگیی یەکڕیزی لەم قۆناغەدا کردەوە و رایگەیاند "یەکگرتوویی و هاودەنگی لە سەرجەم پرسەکاندا، دوژمنان لە گەیشتن بە مەرامەکانیان نائومێد دەکات".
هەروەها جەختی لە پێگە و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان کردەوە و ستایشی هۆشیاریی و هاودەنگی بەشداربووانی کرد.
لە کۆتاییدا، سەرۆککۆماری ئێران دووپاتی کردەوە "ئێران موڵکی هەموو ئێرانییەکانە؛ پاراستنی شکۆ و سەربەرزیی ئەم خاکەش پێویستی بە یەکڕیزی، تەبایی و بەشداریکردنی گشتیی هەموو لایەک هەیە".




