ئەندامێکی بۆردی باڵای گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەـی راگەیاند، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، ناوەڕۆکی گوتاری ئەمڕۆی مامۆستایانی ئایینی لە سەرتاسەری هەرێم، تەرخان دەکرێت بۆ گرنگیی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن، لەگەڵ تیشکخستنە سەر رۆڵی مامۆستایان، دایکوباوک و قوتابیان.
ئەمڕۆ هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئەندامی بۆردی باڵای گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕیـی گوت: بڕیارە رۆژی یەکشەممە 20ـی ئەیلوول وەزری نوێی خوێندن لە نێو قوتابخانەکان دەستپێبکاتەوە، بۆیە ناوەڕۆکی گوتاری ئەمڕۆی مامۆستایانی ئایینی تایبەت دەبێت بە پرۆسەی بەدەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتیشی: خوێندن و پەروەردە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر گرنگی پێدراوە و مامۆستایانی ئایینی ئەمڕۆ جەخت لە رۆڵی مامۆستا دەکەنەوە لە ناوەندەکانی خوێندندا، ئەرک و رۆڵیان چەند گەورەیە لە فێرکردنی زانست و پەروەردەکردنی تاکێکی کاریگەر و تەندروست بۆ کۆمەڵگە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، گرنگی دایک و باوک لە بەخێوکردنی منداڵ و پەروەردەکردن و ماندووبوونی لەگەڵ منداڵەکەی لە سەرما و گەرما و هەربۆیە لە چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد(د.خ) باس لە رۆڵ و پێگەی دایک و باوک کراوە.
ئەندامی بۆردی باڵای گوتاری هەیینی باس لەوە دەکات، خاڵێکی دیکە، مامۆستایانی ئایینی جەختی لێ دەکەنەوە رۆڵی قوتابی خۆیەتی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و رێزگرتن لە مامۆستاکانیان، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت خوێندن و پەروەردەکردن هەردووکی بەیەکەوە بێت و تەواوکەری یەکتربن.
بۆردی باڵای گوتاری هەینی، لە ژمارەیەک کەسانی پسپۆر و شارەزای پێکهاتووە و ئەرکیان رێکخستنەوەی گوتاری مامۆستایانی ئایینیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
هاوکات رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، 20ـی ئەیلوولی 2026 ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.




