بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

نهێنییەکی پێش جەنگ، پێشنیازی نیو تریلیۆن دۆلاریی تاران بۆ واشنتن

نهێنییەکی پێش جەنگ، پێشنیازی نیو تریلیۆن دۆلاریی تاران بۆ واشنتن
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان جەنگی ئێران و ئەمریکا رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا

 گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی پێش هەڵگیرسانی جەنگ، پێشنیازێکی بۆ هاوکاریی ئابووری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە بەهای نزیکەی 500 ملیار دۆلار خستبووەڕوو، ئەمەش بە مەبەستی دۆزینەوەی دەروازەیەک بۆ دروستکردنی بەرژەوەندیی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، حەسەن قەشقاوی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، لایەنی ئێرانی لەو کاتەدا لەو روانگەیەوە دەستیپێکرد دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەک پیاوێکی بازرگان سەیر دەکرا، هەروەها نیشاندانی قەبارەی دەرفەتە ئابوورییە بەردەستەکان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان رەنگە رۆڵی هەبووبێت لە گۆڕینی ئاراستەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن.

قەشقاوی روونیشیکردەوە، ئەم پێشنیازە لە میانی سێ خولی دانوستانەکانی پێش هەڵگیرسانی جەنگدا خرایە روو، کە دەرفەتی هاوکاری و وەبەرهێنانی لە چەندان کەرتی وەک نەوت، گاز، کانزاکاری، ژینگە و گواستنەوە لەخۆگرتبوو.

هەروەها رایگەیاند، بەرپرسانی ئابووری لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەشدارییان لە خستنەڕووی ئەو دەرفەتانەدا کردووە، بە ئامانجی دەرخستنی قەبارەی ئەو دەستکەوتانەی دەکرا کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هاوکاریی ئابووری لەگەڵ ئێراندا بەدەستیبهێنن.

قەشقاوی باسی لەوەش کرد، سەرەڕای قەبارەی گەورەی ئەو پێشنیازە ئابوورییەی خرایە بەردەم لایەنی ئەمریکی، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم هەنگاوە نەبووە رێگر لە هەڵگیرسانی جەنگەکە.

لێدوانەکانی قەشقاوی لە چوارچێوەی مشتومڕە ناوخۆییەکانی ئێراندا دێن سەبارەت بەو دانوستانانەی پێش رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکە بەڕێوەچوون، و پرسیاری ئەوەی کە ئایا بەرژەوەندییە ئابوورییەکان تا چەند دەتوانن کاریگەری لەسەر رێڕەوی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن دابنێن.

 
کاروان شوانی ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان