بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

زەیدی سەردانی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە

زەیدی سەردانی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە
سیاسی
عێراق عەلی زەیدی

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو سەرۆکوەزیرانی وڵات سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوکات لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی دیکەی جیهان کۆدەبێتەوە.

ئەمرۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەفتەی داهاتوو سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک و پێشکەشکردنی وتاری فەرمیی عێراق.

عەبوودی ئاماژەی بەوەش کرد، خشتەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانی دیکە لەخۆدەگرێت.

گوتەبێژی حکوومەت روونی کردەوە، جموجۆڵ و جووڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکوەزیران رەنگدانەوەی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی جیهانە، ئاشکراشی کرد کە بە مەبەستی بەردەوامیدان و فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، سەرۆکوەزیران بەشداری لە کۆبوونەوەی ژووری بازرگانیی ئەمریکادا دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەیدەر عەبوودی جەختی لەوە کردەوە، رۆژی 30ـی ئەیلوول وەک "وێستگەیەکی سیادیی گرنگ"هەژمار دەکرێت، تێیدا شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دەگوازرێتەوە بۆ قۆناخی هاریکاریی ئابووریی درێژخایەن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان