نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی حەوتەمی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک، گوتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر رۆڵی گەنجان لە داهاتووی وڵاتدا و جەختی لەوە کردەوە، وڵاتی پێشکەوتوو لە هەڵەکانی راناکات، بەڵکو گفتوگۆیان لەسەر دەکات و چارەسەریان دۆزێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، لە میانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی دەرچوونی خولی حەوتەمی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕای پیرۆزباییکردن لە دەرچووان، کەسوکاریان، ستافی زانکۆکە و مەسرور بارزانی، جەختی لە قۆناغی نوێی کارکردن و بەشداریی کارای گەنجان لە بونیادنانی نیشتماندا کردەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، لە هەرێمی کوردستان کاری زۆر باش و دەستکەوتی مەزن بەدەستهاتوون کە جێگەی شانازین، لە هەمان کاتدا گوتی "وڵاتی پێشکەوتوو ئەو وڵاتەیە کە هەڵەکانی دەبینێت، گفتوگۆیان لەسەر دەکات و چارەسەریان دەکات؛ رەخنەی بنیاتنەرانە کوردستان بێهێز ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشکەوتنی زیاتری وڵات."
نێچیرڤان بارزانی داوای لە دەرچووان کرد هەمیشە دڵسۆزی خاک و نیشتمان بن و پێناسەی دڵسۆزیی کرد بەوەی کە "دڵسۆزیی راست و دروست، رێزگرتنە لە خوێنی شەهیدەکانمان، لە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکانمان، هەروەها پارێزگاریکردنە لەو دەستکەوتانەی بە قوربانیدان بەدەستهاتوون."
هەروەها بە دەرچووانی گوت"بەرپرسیارەتی ئێوە ئەوەیە ئەو کار و لایەنانە ببینن کە ئێمە نەمانبینیون، هەروەها ئەو ناوچە و بوارانە ئاوەدان بکەنەوە کە ئێمە نەمانتوانیوە وەک پێویست ئاوەدانیان بکەینەوە."
سەبارەت بە گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، سەرۆکی هەرێم باسی لە پەرەسەندنی ژیریی دەستکرد کرد و گوتی "تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد زۆر بەخێرایی گەشە دەسەنن و ئەو کارانە ئەنجام دەدەن کە پێشتر بیری لێ نەدەکرایەوە، تەکنەلۆژیا بەکاربهێنن، بەڵام ئەو پرسانەی تایبەتن بە ئەرک و بڕیاری مرۆڤ، مەیدەنە دەست تەکنەلۆژیا، چونکە تەکنەلۆژیا هەرچەندە پێشبکەوێت، هەندێک بەها هەن کە هەرگیز ناگۆڕدرێن، وەک: دڵسۆزی، دەستپاکی و خزمەتکردنی کۆمەڵگە."
لە کۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی هانی نەوەی نوێی دا پێشەنگ بن لە کۆمەڵگەدا و رایگەیاند "ببنە سەرکردە، بەڵام سەرکردایەتی تەنیا بە پلە و پۆست نییە، بەڵکو دەبێت بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتی بێت بەرامبەر بە خاک و گەلەکەتان."




